چەند خواردن و چی خواردن وەكو یەك گرنگیی زۆریان هەیە. دەتوانیت كە بەردەوام خۆراكی تەندروستییانە بخۆیت، بەڵام كە بڕی زیادت خوارد ئەوا دوچاری قەڵەوی دەبیت كە ئەویش ئەگەری تووشبوون بە چەندین نەخۆشی زیاد دەكات وەكو جۆری دووەمی شەكرە، بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، نەخۆشیی خوێنبەرەكانی دڵ، بەردی زراو، سەوەفانی جومگە، هەندێك جۆری شێرپەنجە...تاد. وەرگرتنی بڕی زیاتر لە وزەی پێویستی رۆژانە لە كۆی خۆراكەكان هەتا ئەگەر بەهایەكی بەرزیان هەبێت، زیان بە تەندروستی دەگەیەنێت، بۆ نموونە زەیتی زەیتوون، میوەی شیرین، هەنگوین، شیر، پەنیر، ماست، گۆشت، ماسی، مریشك، گوێز، باوی، دانەوێڵەی تەواو. بەگشتی كەم خواردن باشترە لە زۆر خواردن، هەتا زۆر خواردنی خۆراكی تەندروستییانەش زیانبەخشە، بۆ نموونە زیاد خواردنی زەیتی زەیتوون كە باشترین جۆرەكانی زەیتی رووەكییە لە رووی بەهای خۆراكییەوە دەبێتە هۆی زیادبوونی كێشی لەش و قەڵەوی لەوكاتەی كە یەك گرام لە هەر جۆرێكی چەوری باش بێت یان خراپ 9 كالۆری وزە لەخۆدەگرێت. كەواتە كەم خواردن و خۆراكی تەندروستییانە گرنگن بۆ كۆنترۆلكردنی كێشی لەش، ئاستی شەكری خوێن، كۆلیسترۆل وگلیسریدە سیانییەكان لە خوێندا، كەمبوونەوەی پشت ئێشە، كۆنترۆلكردنی پەستانی خوێن.