قژهەڵوەرین پاش دووگیانی

قژهەڵوەرین پاش دووگیانی
زۆربەی ئافرەتان لە ماوەی چەند مانگێكی پاش منداڵبووندا دوچاری تەنكبوونی قژ دەبنەوە كە بە حاڵەتێكی ئاسایی هەژمار دەكرێت، چونكە پاش ماوەیەك قژ وەكو جاران چڕ و ئاسایی دەبێتەوە پاش ئەوەی كە لەش خۆی لەگەڵ گۆڕانە هۆرمۆنییەكاندا دەگونجێنێت. لەكاتی دووگیانیدا بە كاریگەریی بەرزبوونەوەی ئاستی هۆرمۆنی ئیسترۆجین قژ بەهێز دەبێت و قۆناغی گەشەكردنی درێژدەبێت، بەڵام پاش منداڵبوون ئاستی هۆرمۆنی ئیسترۆجین بە شێوەیەكی بەرچاو دادەبەزێت، بەمەشەوە ژمارەیەكی زۆری تاڵە مووەكان دەچنە قۆناغی حەسانەوە، ئەمەش وادەكات كە لەكاتی شووشتن و شانەكردندا بە رێژەیەكی بەرچاو هەڵوەرێن. ئەم كاریگەرییە لەگەڵ گەڕانەوەی ئاستی هۆرمۆنی ئیسترۆجین بەرە بەرە نامێنێت و قژ ئاسایی دەبێتەوە، ئەمەش لە ماوەی 6-12 مانگدا بە تەواوی جێگیر دەبێت. ناتوانرێت كە ئەم تەنكبوونەی قژ بە تەواوی كۆنترۆل بكرێت، بەڵام بە پەیڕەوكردنی چەند هەنگاوێك دەكرێ رێژەكەی كەم بكرێتەوە، بۆ نموونە: كورتكردنی قژ، هاوسەنگكردنی خۆراك، بەكارهێنانی دەنكی ماڵتی ڤیتامین Multivitamins بە رێنمای دكتۆر، مامەڵەی دروست لەگەڵ شووشتن و ستایلكردنی قژدا.
Top