پاككەرەوەكانی ناوماڵ هۆكارن بۆ ژاراویبوون بە كلۆر

پاككەرەوەكانی ناوماڵ هۆكارن بۆ ژاراویبوون بە كلۆر
كلۆر Chlorine لەمێژە بۆ پاككردنەوەی ئاو لە میكرۆب بەكاردێت، هەروەها بۆ پاككردنەوەی زێراب و لە گەلێك ئاوێتە پاككەرەوەكانی ناوماڵدا هەیە. كلۆر لەناو ئاو ئاوێتەكانی ترشی هایدرۆكلۆریك و ترشی هایدرۆكلۆرەس Hydrochlorous پێكدێنێت كە ماددەیەكی زیانبەخشە. ژاراویبوون بە كلۆر Chlorine poisoning لەكاتی هەڵمژین یان قووتدان یان بەركەوتنی كلۆر بە پێست روودەدات. قووتدانی ئاوی كلۆركراوی مەلەوانگەكان هەرگیز نابێتە ئەگەری ژاراویبوون بە كلۆر، بەڵام قووتدان یان هەڵمژینی ئاوێتە پاككەرەوەكانی ناوماڵ هۆكارە بۆ ژاراویبوون. تێكەڵكردنی پاككەرەوەی ئاودەست لەگەڵ پاككەرەوەی لابردنی لەكە Bleach وەكو (فاس) دەبێتە هۆی پەیدابوونی گازی كلۆر كە رەنگەكەی سەوزێكی زەردباوە و هەڵمژینی یەكجار مەترسیدارە و هەندێك جاریش كوشندەیە. نیشانەكانی ژاراویبوون بە كلۆر: قورسبوونی هەناسە لەبەر كۆبوونەوەی شلە لە سییەكاندا، هەستكردن بە سووتانەوە لە دەمدا، ئاوسانی قوڕگ، ئازار لە قوڕگ و گەدەدا، رشانەوە، دابەزینی پەستانی خوێن، هەستكردن بە سووتانەوە لە چاوەكان و گرفت لە بینیندا، سووتانەوەی پێست.
Top