ئافرەتی دووگیان بە مەرجێك دوچاری هیچ ئاڵۆزییەكی پەیوەست بە دووگیانی نەبووبێت، دەتوانێت لە زۆربەی كاتەكانی دووگیانیدا سەفەر بكات، بەڵام لەسەر هەر ئافرەتێكی دووگیان پێویستە كە بەر لە سەفەركردن سەردانی دكتۆر بكات بۆ دڵنیابوون لەوەی كە سەفەر هیچ مەترسییەكی بۆ تەندروستیی خۆی و كۆرپەكەی نییە. لەكاتی سەفەركردن بە ئۆتۆمبیل، پەیڕەوی ئەم خاڵانە بكە: بەستنی پشتێنی دڵنیایی هەتا ئەگەر ئۆتۆمبیلەكە (ئێرباگیشی) هەبێت، دڵنیا بە لەوەی كە پشتێنەكە نەكەوێتە سەر سك، هەروەها كوشنەكەت بە تەواوی بۆ پشتەوە بكشێنەوە تاكو لە ئێرباگ دووربیت بە مەرجێك ماوەی نێوان سینگ و ئێرباگ لە 25 ساتیمەتر كەمتر نەبێت. لە سەفەری دووردا، هەر 2 كاتژمێر جارێك پێویستە ئۆتۆمبیل بوەستێت و كەمێك بە پێ جووڵە بكەیت و میزڵدان بەتاڵ بكەیتەوە. بەگشتی زیاد سەفەركردن بە فڕۆكە بەتایبەتی بۆ شوێنی دوور بۆ ئافرەتی دووگیان باش نییە، بەتایبەتی لە 3 مانگی سەرەتای دووگیانیدا، چونكە جگە لە ئەگەری لەبارچوون، لەوانەیە كە زیانی زۆر بە كۆرپە بگات. 3 مانگی دووەمی دووگیانی سەلامەتترین كاتە بۆ سەفەركردن بە فڕۆكە واتە لە نێوان 18-24 هەفتەی دووگیانیدا. وا باشترە كە پاش هەفتەی 35 ی دووگیانی سەفەر بە فڕۆكە نەكەیت، هەروەها ئەگەر دوچاری هەر ئاڵۆزییەكی پەیوەست بە دووگیانی بووبیتەوە.