كە سپێرم Sperm دەگاتە ناو زێی ئافرەت، ئەوا لەناو شلەی لینجی ناوچەكە بەرەو سەرەوە جوولەدەكات و بەناو كونی ملی منداڵداندا دەڕوات و دەگاتە منداڵدان. گەرمی و شێداریی رێڕەوەكانی زاوزێی ئافرەت وایكردووە كە ببێتە ژینگەیەكی گونجاو بۆ سپێرمەكان تا بۆ ماوەیەكی باش بە زیندوویی بمێننەوە. لەم ژینگە گونجاوەدا، سپێرمە تەندروستەكان دەتوانن بۆ ماوەی 5 رۆژ بە زیندوویی بمێننەوە، هەتا سپێرم بە زیندوویی لەناو رێڕەوەكانی زاوزێی ئافرەت بمێنێتەوە ئەوا ئەگەری دووگیانبوون هەر دەمێنێت، بەڵام پێویستە ئەم راستییە لەبیرنەكرێت كە لەگەڵ گونجاوی ژینگەكەشدا، زۆربەی سپێرمەكان لە رۆژی یەكەم تا رۆژی دووەم دەمرن. ئەو سپێرمانەی كە توانای گەیشتنیان بە منداڵدان نییە، ئەوا لەناو زێدا لە ماوەی چەند كاتژمێرێكدا دەمرن. لە دەرەوەی لەشدا، سپێرم تەنیا بۆ ماوەی چەند خولەكێك بە زیندوویی دەمێنێتەوە. سپێرم لە ژینگەیەكی وشك و سارددا لە دەرەوەی لەش بۆ ماوەیەكی زۆر ناژیێت، بۆیە لەگەڵ وشكبوونی تۆواو سپێرمەكانیش دەمرن. سپێرم بۆ مانەوەی، پێویستی بە ژینگەیەكی تەڕ و گەرم هەیە، بۆ نموونە لەناو ئاوی گەرمی گەرماودا بۆ ماوەیەك بە زیندوویی دەمێنێتەوە.