سۆنار Ultrasound پشكنینێكی گرنگە، دەزگای سۆنار وێنە دروست دەكات بە هۆی شەپۆڵی دەنگ كە فریكوانسی بەرزیان هەیە كە لە لەشدا پێچەوانە دەبنەوە (دەدرێنەوە)، پاشان كۆمپیوتەر ئەم شەپۆڵانە وەردەگرێت و دەیانگۆڕێت بۆ وێنە. بە پێچەوانەی تیشكی ئێكس، هیچ تیشكێكی ئایۆنی لە دەزگای سۆنارەوە دەرناچێت. سۆنار بۆ هەر كەسێك شیاوە هەتا ئەگەر نەخۆشییەكی سەختیشی هەبێت، هەروەها بۆ ئافرەتی دووگیانیش زۆر بێ زیانە هەتا ئەگەر زیاتر لە یەك جار ئەنجام بدرێت. سۆنار رۆڵێكی گرنگی هەیە بۆ دەستنیشانكردنی نەخۆشییەكان، بە تایبەتی بۆ دەستنیشانكردنی گرێیەكان لە زۆربەی بەشەكانی لەشدا بەتایبەتی گرێی مەمك. سۆناری مەمك هەموو بەشەكانی مەمك پیشان دەدات هەتا ئەو بەشانەی كە لە قەفەسی سینگەوە نزیكن و بە تیشكی ئێكس بە تەواوی نابینرێن، هەروەها سوودی هەیە بۆ دەستنیشانكردنی هەر گرێیەك Lump، یان كیس، ئایا كیسەكە شلە لەخۆدەگرێت یان كیسێكی پتەوە. بەر لە پشكنینی سۆناری مەمك، نەخۆش پێویستی بە هیچ ئامادەبوونێكی تایبەت نابێت.