پەڵەی سپی پێست كاریگەریی نێگەتیڤ دەكاتە سەر جوانی بەتایبەتی لە ئافرەتدا. هۆكارەكانی زۆربەی حاڵەتەكانی پەڵەی سپی پێست بریتین لە: هەوكردنی پێست بە كەڕوو، نەخۆشیی سەدەف، بەڵەكبوون، هەروەها ئەكزیما. كەڕووی تینیا Tinea versicolor بریتییە لە پەڵەی بچووكی سپی یان قاوەیی كاڵ لە ناوچەی شان، مل، قۆڵ، سینگ یان پشتد، هەروەها زیاتر لە هەرزەكار و گەنجەكاندا دەبینرێت، لە یەكێك بۆ یەكێكی تر بە رێگەی بەركەوتنی راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ دەگوازرێتەوە. نەخۆشیی سەدەف Psoriasis بریتییە لە زیاد دروستبوونی خانەكانی پێست كە دەبێتە ئەگەری پەیدابوونی تفری زیوی لەگەڵ پەڵەی سپی، یان سوور و قڵیشان و وشكبوونی پێست، ئەم حاڵەتەش تا ئێستا چارەسەرێكی بنبڕی نییە. بەڵەكبوون Vitiligo لەبەر كەمی ماددەی میلانین لە پێستدا دەبێتە هۆی پەیدابوونی پەڵەی سپی، تا ئێستا چارەسەری تەواوی بۆ نییە. ئەكزیما Eczema بریتییە لە هەوكردن و خورشت بە شێوی پەڵەی سپی، یان پەمەیی لەگەڵ قڵیشانی پێست.