ڤیاگرا ساڵی 1998 كەوتە بازاڕەوە و لەو كاتەوە تا ئێستا ژمارەی حاڵەتە دەستنیشانكراوەكانی لاوازيی سێكسی پیاو ED بۆ %250 بەرزبۆتەوە. گرفتەكە لێرەدایە كە گەلێك پیاوی گەنج بەبێ پێویست، بەبێ رێنمایی دكتۆر، بەبێ بوونی گرفتی سێكسیED حەبی ڤیاگرا، یان هاوتاكانی وەكو سیالیس Cialis، لێڤیترا Levitra، یان ستێندرا Stendra لەخۆیانەوە بەكاردێنن. بەكارهێنانی ئەو دەرمانانە زیانی لابەلای هەیە كە گەلێك پیاو پێیەوە ئاشنا نین هەتا ئەگەر دكتۆریش بڕیار لەسەر بەكارهێنانی بدات، بۆ نموونە گرفتی گەورە و مەترسیدار لە كۆئەندامی دڵ و سووڕاندا بەتایبەتی لەو پیاوانەی كە: دەرمان لە جۆری نایترێتەكان Nitrates بۆ سینگ ئێشە بەكاردێنن، نەخۆشییان لە خوێنبەرەكانی دڵدا هەیە، دووچاری پەككەوتنی دڵ بوونەتەوە، پەستانی خوێنیان نزمە، چەند دەرمانێك بۆ چارەسەركردنی پەستانی بەرزی خوێن وەردەگرن، بەرگەی مەشقی وەرزشی ناگرن. یەكێكی تر لە مەترسییەكان بۆ ئەو كەسانەی كە بەبێ پێویست ڤیاگرا بەكاردێنن بریتییە لە خوپێوەگرتن Dependence، واتە هەر كاتێك كە ڤیاگرا وەرنەگرن ئەوا دووچاری گرفتی سێكسی دەبنەوە لە ئێستا و ئاییندەدا، ئەمەش باكگراوەندێكی دەروونی هەیە.