بەكارهێنانی برژانگی دەستكرد Fake eyelashes ئاسانترین و هەرزانترین رێگەیە بۆ جوانكردنی برژانگ و چاو، بەڵام دانانی برژانگی دەستكرد هەرگیز بێ زیانی لابەلا نییە. برژانگی دەستكرد ریشاڵی باریكی دەستكردن، دانە دانە بە سمغێكی تایبەت بە برژانگە سروشتییەكانەوە دەلكێنرێن. ئەو سمغەی كە بۆ جێگیركردنی برژانگی دەستكرد لەسەر برژانی سروشتیدا بەكاردێت و ئەو شلەیەی كە بۆ لابردنیان بەكاردێت، ماددەی فۆمالدیهاید و ماددەی دیكە لەخۆدەگرن كە زۆر جار دەبنە ئەگەری هەستەوەری چاو و هەستەوەری پێستی دەوری چاو. هەندێك جار زیاد راكێشانی برژانگ لەكاتی دانان یان لابردنی برژانگی دەستكرددا دەبێتە هۆی هەڵوەرینی برژانگ كە زۆر جار لەبەر تێكدانی رەگەكەی دەبێتە هەمیشەیی و جارێكی تر گەشە ناكاتەوە. برژانگی دەستكرد بەكتریا و تۆزی لەسەر دەنیشێت كە ئەمەش دەبێتە هۆی سووتانەوە و هەوكردنی چینی كۆڕنیا و پێڵووەكان بە شێوەی سووربوونەوەی چاو و ئاوسانی پێڵوو. بۆ پاراستنی چاو، هەوڵ بدە كە مەسكارا لەجیاتی برژانگی دەستكرد بەكاربێنێت، ئەگەر بڕیاریشتدا برژانگی دەستكرد بەكاربێنیت، وا باشترە كە تەنیا بۆ بۆنەیەكی تایبەت و بۆ ماوەیەكی كورت بێت.