خەمۆكی Depression نەخۆشییەكی دەروونییە، كەچی دڵتوندی، یان خەم Sadness بەشێكە لە ژیانی ئاسایی و هەرگیز بە نەخۆشی دانانرێت. لە حاڵەتی خەمدا، هەستە ناخۆشەكان دێن و دەڕۆن و هاوكاتن لەگەڵ چەند ساتێكی مەزاجی خۆش و بیرەوەری پۆزەتیڤ و بیركردنەوەی پۆزەتیڤدا. دڵتوندییەكەی خەمۆكی قووڵ و بۆ ماوەی 2 هەفتە یان زیاتر بەردەوام دەبێت، هەروەها كاریگەری نێگەتیڤ دەكاتە سەر توانای كار و ژیانی رۆژانە. بۆ دەستنیشانكردنی خەمۆكی لە كەسێكدا، پێویستە كە بەلای كەم 5 لەم نیشانانەی خوارەوەی هەبن: دڵتوندی یان خەمێكی بەردەوام، نەمانی ئارەزوو و هەستكردن بە خۆشی لەو چاڵاكییانەی كە هەستی خۆشی دەبەخشن، هەستكردن بە ماندووبوون و بێ وزەیی، هەستكردن بە بێ بەهایی، هەستكردن بە تاوان بە بێ بوونی هیچ هەڵە و خەتایەك، زیاد بیركردنەوە لە مردن یان خۆزگە خواستنی مردن، گرفت یان دوودڵی لە بڕیاردان، گرفت لە تەركیزكردن، كەمبوونەوەی چالاكی بەدەنی، گرفت لە خەودا، هەندێك جاریش زیاد نووستن، كەمبوونەوەی ئارەزووی خواردن و دابەزینی كێشی لەش، هەندێك جاریش زیاد خواردن و زیادبوونی كێشی لەش.