بە پێی ئامارە گشتییەكان، لە هەر 7 ئافرەتی دووگیاندا یەك ئافرەت دووچاری لەبارچوون Miscarriage دەبێتەوە. زۆربەی هەرە زۆری ئەو ئافرەتە دووگیانانەی كە جارێك دوچاری لەبارچوون دەبن، لە دووگیانی دووەمدا بێ گرفت دەبن. لەبارچوونی دووبارە و سێبارەی یەك لە دوای یەك دەگمەنە و دووچاری تەنیا یەك ئافرەت لە هەر 100 ئافرەتی دووگیاندا دەبێت. هۆكاری لەبارچوون لە سەرەتای دووگیانیدا زیاتر دەگەڕێتەوە بۆ گرفتی كرۆمۆسۆمی بەتایبەتی كە تەمەنی ئافرەتی دووگیان لە سەرووی 35 ساڵییەوە بێت. هۆكارەكانی تری لەبارچوون بریتین لە: جگەرەكێشان كە ئەگەر رۆژانە لە 14 جگەرە پتر بێت ئەوا ئەگەری لەبارچوون بۆ دوو هێندە زیاد دەكات، خواردنەوەی ئەلكهول، بەكارهێنانی دەرمانە هۆشبەرەكان، زیادبوونی كێشی لەش و قەڵەوی، گرفتی زگماكی لە منداڵداندا، یان سستبوونی ملی منداڵدان Cervix، نەخۆشی وەكو شەكرەی كۆنتڕۆڵ نەكراو، ناهاوسەنگی هۆرمۆنی، هەوكردن لەكاتی دووگیانیدا، بۆ نموونە هەوكردن بە میكرۆبی لیستیریا Listeria یان ڤایرۆسی سوورێژەی ئەڵمانی Ruballa.