پچڕان، یان دڕانی ماسوولكەی قاچ، یان بەلەك Calf muscle tear حاڵەتێكی زۆر باوە لەكاتی مەشق و پێشبڕكێ وەرزشییەكاندا كە دووبارە دەبێتەوە ئەگەر كات تەرخان نەكرێت بۆ چاكبوونەوەی تەواو. هەنگاوەكانی فریاگوزاری سەرەتایی و چارەسەركردن ئەمانەن: یەكەم، دانانی كەمادەی سارد(بەفر) لەسەر شوێنی پچڕانی ماسوولكەدا بە مەبەستی كەمكردنەوەی ئازار و رێگرتن لە ئاوسانی شانەكان، دووەم: بەستنی قاچ بە باندێجی لاستیكی Crepe bandage. سێیەم: بەرزكردنەوەی قاچ لەكاتی پاڵكەوتن و نووستندا بە مەرجێك لە ئاستی دڵ بەرزتر بێت، ئەمە سوودی زۆری هەیە بۆ كەمكردنەوەی ئاوسان و ئازار. چوارەم: پشوودان بۆ ماوەی 4-6 هەفتە، بەڵام لەم ماوەیەدا پێویستە كە جووڵەی سادە وەكو رۆیشتن لەگەڵ مەشقی كشانی ماسوولكەی قاچ ئەنجام بدرێت. لە زۆربەی حاڵەتەكاندا پێویست بە بەكارهێنانی هیچ دەرمانێك ناكات، بەگشتی پاش چاكبوونەوەی تەواوی ماسوولكەی قاچ، دەتوانیت بگەڕێیتەوە سەر مەشق و وەزرش.