تەنیایی Loneliness پەتایەكی نەبینراوە، زیاتر لە 60 ملیۆن دانیشتووانی ئەمریكا پێیەوە دەناڵێنن. هەموو كەسێك چەند ساتێك لە ژیانیدا هەستی بە تەنیایی كردووە، بەڵام تەنیایی درێژخایەن مەترسیی تەندروستیی گەورەی هەیە. لەكاتی هەستكردن بە تەنیایی، ئاستی ماددەی دۆپامین Dopamine لەناو شانەكانی مێشكدا دەگۆڕێت، ئەمەش راستەوخۆ كاریگەری دەكاتە سەر مەزاج و هەڵسوكەوت. هەستكردن بە تەنیایی جیاوازە لەگەڵ بەتەنیابوون Being alone، هەندێك كەس بە رووكەش زۆر كۆمەڵایەتین، بەڵام لە ناواخندا هەست بە تەنیایی دەكەن. بەگشتی تەنیایی وەكو دۆڕاندن وایە، ئەگەرچی گەلێك لەو كەسانە ئەمە بە توندی رەت دەكەنەوە و بە دوای چارەسەردا ناگەڕێن، بۆیە باری دەروونی و جەستەییان بەرە بەرە بۆ خراپتر دەچێت، چونكە تەنیایی لەش بە چەندین رێگا ئەزیەت دەدات. تەنیایی یەكێكە لە هۆكارە سەرەكییەكانی خەمۆكی و زەحمەتكردنی چاكبوونەوە لە خەمۆكی. جگە لە خراپكردنی مەزاج، تەنیایی ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی دڵ زیاد دەكات، لەگەڵ زیادبوونی ئەگەری هەوكردن، هەروەها كزبوونی بەرگریی لەش و گرفت لە كۆئەندامی دەماردا.