ئەگەر پەستانی خوێنت لە پێوانەی ئاسایی بەرزترە، یەكێك لە رێنماییە گرنگەكان بۆ كۆنترۆلكردنی پەستانی خوێن جگە لە دەرمان و پارێزی خۆراكی بریتییە لە ئەنجامدانی مەشقی وەرزشی. مەشقی هەوایی Aerobic exercise كە ماسوولكە گەورەكان دەگرێتەوە و وادەكات كە دڵ و سییەكان زیاتر چالاك بن، هەروەها مەشقێكی سەلامەتە بۆ دابەزاندنی پەستانی خوێن. ئەمە زۆر گرنگە كە ئاستی مەشقەكە سووك یان مامناوەندی بێت، چونكە مەشقی توند دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن هەتا ئەگەر بە شێوەیەكی كاتیش بێت. رۆیشتنی خێرا، لێخوڕینی پایسكل، مەلە، بە لای كەم رۆژانە بۆ ماوەی 30 خولەك و بەلای كەم هەفتانە 5 جار، لەو مەشقە هەواییە مامناوەندییانەن كە رۆڵیان هەیە بۆ كۆنترۆلكردنی كێشی لەش، باشتركردنی تەركیزی مێشك و ئاستی وزەی لەش، سووككردنی سترێس، پتەوكردنی باوەڕبەخۆبوون، لەگەڵ دابەزاندنی پەستانی خوێن و كەمكردنەوەی ئەگەری تووشبوون بە جەڵتە و نەخۆشیی شەكرە و هەندێك جۆری شێرپەنجە.