ئەنفلوەنزا لەكاتی دووگیانیدا زیاتر ئافرەت هیلاك دەكات بە بەراورد لەگەڵ ئافرەتێكی تووشبوو كە دووگیان نەبێت. گۆڕان لە سستمی بەرگریی لەش، گۆڕان لە كۆئەندامی هەناسە و دڵ و سووڕان لەكاتی دووگیانیدا ئەگەری هیلاكبوونی ئافرەت پاش تووشبوون بە ئەنفلوەنزا و نەخۆشیی دیكە زیاتر دەكات، هەروەها ئەگەری ئاڵۆزییەكانی پەیوەست بە ئەنفلوەنزا زیاد دەبێت كە كاریگەری دەكەنە سەر كۆرپە، بۆ نموونە لەدایكبوونی پێشوەختە(ناكام Premature labor). ڤاكسینی دژی ئەنفلوەنزا Flu shot لەكاتی دووگیانیدا، تەندروستی دایك و كۆرپە دەپارێزێت، هەروەها پاش لەدایكبوون منداڵ تا تەمەنی 6 مانگ لە ئەنفلوەنزا دەپارێزێت، هەروەها لەكاتی تووشبووندا ئەگەری ئاڵۆزییەكان كەم دەكاتەوە. جگە لە كوتان دژی ئەنفلوەنزا كە سەلامەتە لەكاتی دووگیانیدا، پێویستە كە ئافرەت هەنگاوی دیكەش بگریتە بەر بۆ خۆپاراستن لە ئەنفلوەنزا وەكو: نزیك نەبوونەوە لە كەسانی تووشبوو، زوو زوو شووشتنی دەستەكان بە ئاو و سابوون یان پاككەرەوەیەكی ئەلكهولی، دەست لە دەم و لووت چاوەكانت مەدە، كاتی تەواو بۆ نووستن تەرخان بكە، مەشقی وەرزشی ئەنجام بدە، هەنگاوەكانی سووككردنی سترێس پەیڕەو بكە، بڕێكی باشی شلە بخۆرەوە، خۆراكت هاوسەنگ بكە.