ئەمە روونە كە سترێس Stess كاریگەریی دەكاتە سەر خەو، كار و پەیوەندییەكان، تەندروستیی جەستەیی و دەروونی، بەڵام ئایا ئەگەری تووشبوون بە جەڵتە زیاد دەكات؟ گەلێك سەرچاوەی پزیشكی ئاماژە بەوە دەكەن كە جەڵتە و سترێس پەیوەندییان بە یەكەوە هەیە. جەڵتە لەوكاتەدا روودەدات كە خوێنبەرێك لە نزیك یان لەناو مێشكدا دوچاری گیران دەبێت یان دەتەقێت و دەبێتە هۆی خوێنبەربوون. سترێسی درێژخایەن هۆكارێكی هاندەرە بۆ زیادكردنی ئەگەری تووشبوون بە جەڵتە. هەروەها لە تووشبووان بە جەڵتە، سترێس نیشانەكان سەختتر دەكات. سترێس یەكێكە لە 10 هۆكارە هاندەرەكانی روودانی جەلتە كە بریتین لە: بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، جگەرەكێشان، خۆراكی ناهاوسەنگ و ناڕێك، كەمیی چالاكی بەدەنی، نەخۆشیی شەكرە، خواردنەوەی ئەلكهول، كۆلیستیرۆلی بەرز، نەخۆشییەكانی دڵ. لەكاتی سترێسدا، مێشك سیگنال دەداتە گلاندەكانی ئەدرینال بۆ دەردانی هۆرمۆنەكانی ئەدرینالین و كۆرتیزۆل Cortisol كە دەبنە هۆی خێرابوونی هەناسە، زیادبوونی لێدانەكانی دڵ، بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، بەمەش ئەگەری نەخۆشیی خوێنبەرەكان زیاد دەبێت كە لەوانەیە خوێنبەرەكانی مێشك بگرێتەوە و ببێتە ئەگەری جەڵتە