پاش كرداری پیتاندنی هێلكۆكە، ئینجا گەشەكردنی لە منداڵداندا، وێڵاش، یان هاوار Placenta دروست دەبێت كە پاش ماوەیەك هۆرمۆنی HCG دەردەدات. پاش جێگیربوونی كۆرپە لە منداڵداندا بە ماوەیەكی كورت ئەم هۆرمۆنە لە خوێنی دایكدا بەدی دەكرێت، ئینجا پاش چەند رۆژێكی دی لە میزدا بەدی دەكرێت. پشكنینی ئەم هۆرمۆنە لە خوێن، یان لە میزدا بۆ دەستنیشانكردنی دووگیانی Pregnancy test بەكاردێت. پشكنینی خوێن بۆ دەستنیشانكردنی دووگیانی لە ماوەی 9- 15 رۆژ پاش پیتاندنی هێلكۆكە پۆزەتیڤ دەبێت، ئینجا پاش چەند رۆژێك لە میزیشدا پۆزەتیڤ دەبێت، واتە دووگیانی بە وردی دەستنیشان دەكات، بە مانایەكی دیكە، پشكنینی میز 1-2 رۆژ پاش وەستانی سووڕی مانگانە تا رێژەی 97% جێگەی متمانەیە بۆ دەستنیشانكردنی دووگیانی. لەبەر ئەوەی كە كاتی دەردانی هۆرمۆنی HCG لە میزدا گەلێك جار دوادەكەوێت، بۆیە پشكنینی نێگەتیڤی میز مانای ئەوە نییە كە دووگیانی رووی نەداوە، بۆیە لە گەلێك ئافرەتدا پشكنینی میز نێگەتیڤە، بەڵام نیشانەكانی دووگیانی وەكو وەستانی سووڕی مانگانە و هێڵنج و ناڕەحەتیی مەمك بەدی دەكرێن، پێویستە كە پشكنینی میز، یان پشكنینی وردتر بۆ دووگیانی دووبارەبكرێنەوە.