قەبارە، یان پێوانەی چێوەی كەمەر waistline پتر لە كێشی لەش گرنگیی هەیە و باشترین كلیلە بۆ دیاركردنی ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی شەكرە، نەخۆشیی دڵ، جەڵتەی مێشك. پسپۆڕانی تەندروستی گەیشتوونەتە ئەمە كە جۆری چەوری و شوێنی بڵاوبوونەوەی، یان كۆبوونەوەی چەوری زۆر گرنگترە لە پێوانەی تێكڕای بارستایی لەش BMI، بۆ نموونە ئەوە پێوانەی چێوەی كەمەرە كە حیسابی زۆری بۆ دەكرێت، هەر چەند گەورەتر بێت، زیاتر دەبێتە جێگەی نیگەرانی. بە پێی لێكۆڵینەوەكان، هەتا ئەگەر پێوانەی تێكڕای بارستایی لەشت لە سنووری ئاساییدا بێت، بەڵام خاوەن ورگێكی گەورە بیت، بەتایبەتی لە تەمەنی ناوەڕاستدا، ئەوا تۆ رووبەڕووی تووشبوون بە چەندین نەخۆشیی درێژخایەن دەبیتەوە. چەوریی سك لەناو و لە دەوری ئەندامەكانی سكدا كۆدەبێتەوە. چەوریی سك هانی رەقبوونی خوێنبەرەكان Atherosclerosis دەدات. لەگەڵ بەتەمەندا چووندا، كۆبوونەوەی چەوریی سك زیاتر دەبێت بەتایبەتی لە پیاودا، بەتایبەتیش لەوانەی كە بڕی زیادی ئەلكهول دەخۆنەوە، هەروەها لەگەڵ زیاد خواردنی چەوری و شیرینی و كەمیی جووڵە و جگەرەكێشان و سترێسدا.