ئازاری مەمك Breast pain باوە لە زۆربەی ئافرەتان بەتایبەتی لەكاتی سووڕی مانگانەدا، لەگەڵ بەتەمەن چووندا كەمتر بەدی دەكرێت. ئازار لەوانەیە كە لە یەك یان لە هەر دوو مەمكەكاندا سەرهەڵبدات و بۆ ماوەی چەند هەفتە یان هەتا چەند مانگێك بەردەوام بێت. گرنگترین هۆكارەكانی ئازاری مەمك بریتین لە: گۆڕان لە ئاستی هۆرمۆنەكان لەكاتی سووڕی مانگانەدا، زەبر، یان برینداربوونی مەمك، دووگیانی، شیردانی سروشتی، هەوكردنی شانەكانی مەمك Mastitis، شێرپەنجەی مەمك ئەگەرچی بەكەمی دەبێتە هۆی ئازار. لە زۆربەی حاڵەتەكاندا ئازاری مەمك لەماوەی چەند مانگێكدا لەخۆیەوە نامێنێت، هەنگاوەكانی چارەسەركردنی ئازاری مەمك سەرەتا بە دۆزینەوە و چارەسەركردنی هۆكارەكەی دەستپێدەكرێت، لەگەڵ بەكارهێنانی دەرمانی دژەئازار و ڤیتامین E و B6، بەكارهێنانی ستیانی گونجاو، دووركەوتنەوە لە خواردنەوە كافائینییەكان وەكو قاوە و كاكاو و چای، كەمكردنەوەی خوێ لە خۆراكدا. ئەگەر ئازاری مەمك بۆ ماوەیەكی زۆر بەردەوام بێت، یان ناوە ناوە بێت و بڕوات، یان ئەگەر هاوكات گرێ لە مەمكدا هەستی پێبكرێت، ئەوا بێ دواكەوتن پێویست بە سەردانی پزیشك دەكات.