چەند رێنماییەك بۆ چارەسەری (تا)ى منداڵان

چەند رێنماییەك  بۆ چارەسەری (تا)ى منداڵان
زۆربەی حاڵەتەكانی تا Fever لە منداڵدا مەترسی ئەوتۆیان بۆ تەندروستی نییە لەوكاتەی كە هۆكاری سادەیان لەپاڵە بەتایبەتی هەوكردنە باوەكان وەكو كۆكە، هەڵامەت، هەوكردنە ڤایرۆسییەكانی دى، بەڵام هەندێك جار تا دەبێتە نیشانەیەكی هەوكردنی سەخت. باوترین هۆكاری تا لە منداڵدا بریتییە لە هەوكردنە ڤایرۆسییەكانی وەكو هەڵامەت، ئەنفلوەنزا، سكچوون. هەوكردنە بەكتریاییەكان وەكو هەوكردنی شانەی سییەكان، هەوكردنی گورچیلە و میزەڕۆ، هەوكردنی پەردەكانی مێشك Meningitis. پێویستە كە هەموو دایك و باوكێك هەنگاوی دروست و زانستییانە لەماڵەوە بگرنە بەر بۆ دابەزاندنی پلەی گەرمی لەشی منداڵ، بۆ نموونە پێدانی بڕی زیادی شلە بۆ رێگرتن لە كەمبوونەوەی شلەی لەش یان وشكبوونەوە Dehydration، بەكارهێنانی شروبی پاراسیتۆل یان پرۆفین تا كاتی بردنی منداڵ بۆ لای دكتۆر، جلی زیاد لەبەر منداڵ مەكە لەكاتی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەش بۆ رێگرتن لە لەرز، ئەگەر بە بەكارهێنانی پاراسیتۆل، یان پروفین تای منداڵ دانەبەزی، ئەوا هەرگیز كەمادەی سارد Cold-sponge بەكارمەهێنە، دەتوانیت كەمادە بە ئاوی شلەتێن كە پلەی گەرمییەكەی لە پلەی گەرمی لەش نزیك بێت بەكاربێنیت، هەروەها هەرگیز پانكە بەكارمەهێنە و باوەشێن لە منداڵ مەكە.
Top