هەندێك وەرزشوان دەرمانی جۆراوجۆر بە شێوەی دەرزی، یان دەنك بە مەبەستی زیادكردنی چوستیی ماسولكە بەكاردێنن، زیادكردنی لیاقە، كەمكردنەوەی چەوری لەش و رێكبوونی لەش. بەكارهێنانی ئەم دەرمانانە لەوانەیە ببێتە هۆی زیانی لابەلای مەترسیدار بۆ تەندروستی. ستیرۆیدە بونیاتنەرەكان Anabolic steroids باوترین جۆرن كە لە لایەن وەرزشوانانەوە بەكاردەهێنرێن، زیاد بەكارهێنانی ستیرۆیدی بونیاتنەر یان ئەنابۆلیك وەكو تێتسۆستیرۆن، ناندرۆلۆن Nandrolone كە ناسراوە بە دۆرابۆلین، یان دێكادۆرابۆلین Decadurabolin كاریگەری هۆرمۆنی نێرینەیی یان تێستۆستیرۆن لە لەشدا زیاد دەكەن و لەوانەیە كە ببنە هۆی جۆرێك راهاتن، واتە پاش وازهێنانی وەرزشوان دوچاری چەند نیشانەیەكی ناڕاحەت دەبێت كە وای لێدەكەن دووبارە دەرمان بەكاربهێنێتەوە. زیادبوونی ئاستی تێستۆستیرۆن لە لەشدا كە كاریگەری دەكاتە سەر نزیكەی هەموو ئەندامەكانی لەش كە هەندێك لەم كاریگەییانە كاتین و پاش وازهێنان لە بەكارهێنان نامێنن، بەڵام هەندێك كاریگەری هەمیشەیین و بە درێژایی تەمەن دەمێننەوە. لە پیاودا، ئاستی بەرزی هۆرمۆنی تێستۆستیرۆن دەبێتە هۆی كپكردنی دەردانی سروشتی ئەم هۆرمۆنە لە لەشدا، ئەمەش دەبێتە هۆی قژهەڵوەرین، كەمبوونەوەی ژمارەی سپێرمەكان و ئەگەری نەزۆكی، گەورەبوونی مەمك Gynecomastia. لە ئافرەتدا، دەرمانە ستیرۆیدییەكان دەبنە هۆی گەورەبوونی ماسولكەكان، بچووكبوونەوەی مەمك، قەبەبوونی دەنگ، موودەردان Hirsutism یان زیادبوونی موو لە لەش و دەموچاودا. زیانە لابەلایەكانی دى بریتین لە: نۆرەی دڵ، جەڵتە، مەیین خوێن لە خوێنهێنەرە قووڵەكانی قاچ، پەككەوتنی جگەر، زیپكە، زیادبوونی توندوتیژی، گەشەی زیادی ئێسك.