جگەر Liver ئەندامێكی زۆر گرنگە، یارمەتی هەرسكردنی خۆراك دەدات، لەش لە ماددە ژەهراوی و زیانبەخشەكان رزگار دەكات. باوترین نەخۆشییەكانی جگەر بریتین لە هەوكردن بە ڤایرۆس Viral hepatitis، كاریگەری ئەلكهول لەسەر خانەكانی جگەر كە لەوانەیە ببێتە هۆی مۆمبوونی جگەر Cirrhosis، زیانی لابەلای هەندێك دەرمان و ماددەی ژەهراوی لەسەر خانەكانی جگەردا، ئاوسانی جگەر لەبەر هۆكاری جیاواز. نیشانە سەرەتاییەكانی نەخۆشی لە جگەردا بریتین لە: گۆڕان لە رەنگی پێستدا بەتایبەتی زەردبوون لەبەر كۆبوونەوەی ماددەی بیلیروبین Bilirubin لەژێر پێستدا، خورشتی پێست كە بەرە بەرە سەختتر دەبێت، تاریكبوونی رەنگی میز، كاڵبوونی رەنگی پیسایی یان تاریكبوونی رەنگی پیسایی و بینینی خوێن لەگەڵ پیساییدا، ئازار لە بەشی خوارەوەی سكدا، پاشان ئاوسانی سك لەبەر كۆبوونەوەی شلە لە دیواری سكدا كە لەوانەیە فشار بخاتە سەر سییەكان و ببێتە هۆی گرفت لە هەناسەوەرگرتندا، هەستكردن بە ماندووبوون و هیلاكییەكی سەخت و درێژخایەنی لەش Chronic fatigue ئەگەرچی هۆكاری تریشی لەپاڵەوەیە، بەڵام گەلێك جار وەكو یەكەم نیشانەی نەخۆشی جگەر سەرهەڵدەدات.