ئەمە راستییەكی زانستییە كە لەو كاتەی ئاستی شەكری خوێن نزم دەبێت ئەوا مرۆڤ زوو دوچاری هەڵچوون، یان تووڕەبوون دەبێت. هەروەها ئەمەش راستییەكی چەسپاوە كە هەر كەسێك لەكاتی برسیبووندا بە شێوەیەكی جیاواز رەفتار دەكات، ئەگەرچی لەكاتی برسیبووندا هەموو ئەوەی كە بیری لێدەكەیتەوە خۆراكە. سەنتەری هەستكردن بە برسیبوون و تێربوون لە قوڵایی مێشكدایە، كە بە ئاستی شەكری خوێن ئاگادار دەبێتەوە، بۆ نموونە ئاستی نزمی شەكری خوێن هەستی برسیبوون پەیدا دەكات و ئاستی بەرزی شەكری خوێن هەستی تێربوون پەیدا دەكات. لە هەر كەسێكدا كە ئەگەر باری دەروونی جێگیر بێت، یان جێگیر نەبێت، لەكاتی دابەزینی ئاستی شەكری خوێندا هەستی برسیبوون بە خێرایی سەرهەڵدەدات. ئەمەش راستییەكی زانستی روونە كە هەستی برسیبوون لەگەڵ شڵەژانی باری دەروونیدا گۆڕانی بەسەردا دێت بەتایبەتی لە حاڵەتەكانی پەستی و خەمۆكیدا. بە بوونی هەستی برسیبوون، لەكاتی هەڵچوون و تووڕەبووندا، چەند گۆڕانێكی هۆرمۆنی لە لەشدا روودەدەن كە كاریگەری نێگەتیڤ دەكەنە سەر كۆی كاردانەوەكان لە لەشدا كە هەستی برسیبوونیش دەگرێتەوە، بۆیە گەلێك كەس لەو كاتەی كە لە لوتكەی برسیبووندان و بە گوڕ لەسەر مێزی خواردن دادەنیشن بۆ خواردن، كەچی لە پڕێكەوە بە هزرێك، یان قسەیەك ئارەزووی خواردنیان نامێنێت و لە سفرە دووردەكەونەوە.