پەستانی خوێن Blood pressure بریتییە لە پێوانەی فشاری لێشاوی خوێن بۆ سەر دیواری بۆڕییەكانی خوێن، پێوانەی سەرەوە Systolic واتە فشاری ناو بۆڕییەكانی خوێن لەكاتی گرژبوونەوەی ماسوڵكەى دڵ، پێوانەی خوارەوە Diastolic واتە فشار لەكاتی خاوبوونەوەی ماسوڵكەی دڵ. لە كەسێكی تەندروستدا پەستانی خوێن لە 120/80 میللیمەتر جیوە كەمترە لەكاتی ئیسراحەتدا. مەشقی وەرزشی كاریگەری دەكاتە سەر هەردوو پێوانەی پەستانی سەرەوە و خوارەوە، بەڵام تا ئاستێكی دیاریكراو، جا لە پێش دەستپێكی مەشق و لەكاتی مەشق و لەپاش مەشقكردندا. لەكاتی مەشقی وەرزشی هەواییدا Aerobics پەستانی سەرەوە بەرزدەبێتەوە بە رێژەیەك كە راستەوخۆ بە توندیی مەشقەكەوە بەندە، بەڵام كەمترین گۆڕان لە پەستانی ژێرەوەدا روودەدات. لەكاتی مەشقی هەڵگرتنی قورسایی و مەشقی گورجكردنی ماسوڵكەكان Stretching exercises هەر دوو پەستانی سەرەوە و خوارەوە بەرزدەبنەوە. پاش مەشقی وەرزشی پەستانی خوێن دەگەرێتەوە ئاستی ئاسایی خۆی، هەندێك جاریش نزمتر، بەڵام تەنیا پاش 10 خولەك یان كەمێك زیاتر. دابەزینێكی زۆر و خێرای پەستانی خوێن پاش مەشقی وەرزشی لەوانەیە كە گرفتێكی دڵی لەپاڵەوە بێت.