ئایا نەخۆشی پوك بە ماچكردن دەگوازرێتەوە؟

ئایا نەخۆشی پوك بە ماچكردن دەگوازرێتەوە؟
دەم بە قەد ژمارەی دانيشتووانی گۆی زەوی میكرۆبی تێدایە، دەم بلیۆنەها بەكتریای تێدایە كە پتر لە 700 جۆری جیاوازن. ژمارەی هەرە زۆری ئەم بەكتریایانە بەشێكن لە چینی سەر ددانەكان Plaque كە هۆكاری سەرەكی كلۆربوونی ددانەكانە، نزیكەی 500 ملیۆن بەكتریا لەسەر یەك ددان جێگیر دەبن. پاش خواردن، بەكتریا لەسەر ددان و پوكدا ماددەیەكی ترش دروست دەكات كە ئەگەر زوو پاك نەكرێتەوە ئەوا دەبێتە ئەگەری تێكدانی چینی مینای ددان واتە كلۆربوونی ددان لەگەڵ هەوكردنی پوك. نەخۆشی پوك Periodontal disease گوارزاوە نییە، بەڵام ئەو بەكتریایەی كە هۆكارە بۆ نەخۆشی پوك لەناو لیكدا بوونی هەیە و لەكاتی ماچكردندا بۆ كەسی بەرانبەر دەگوازرێتەوە كە لەوانەیە ببێتە هۆی نەخۆشی پوك. هەروەها هاوبەشیكردن لە بەكارهێنانی فڵچەی ددان هۆكارێكی ترە بۆ گواستنەوەی بەكتریا لە دەمی كەسێك كە تووشی هەوكردنی پوك بووبێت بۆ كەسێكی تر. لە لێكۆڵینەوەكاندا هاتووە كە هاوبەشیكردن لە ئارایشتی لێو Lipstick هۆكارە بۆ گواستنەوەی بەكتریا و ڤایرۆس. بەكتریای زیانبەخش لەناو دەمدا زیاتر دەبێتە هۆی هەوكردنی پوك لە كەسانی تووشبوو بە نەخۆشی شەكرە و نەخۆشی كۆئەندامی دڵ و سووڕان، بۆیە لەم حاڵەتانەدا گواستنەوەی بەكتریا لە رێگەی ماچكردنەوە ئەگەری زیاتری هەیە.
Top