خوێنبەخشینی Blood donation دروست هیچ زیانێكی تەندروستی نییە ئەگەرچی هۆكارە بۆ دابەزینی بڕێكی كەمی كێشی لەش و سووتاندنی وزە لەكاتی بەخشیندا كە دەگاتە نزیكەی 650 كالۆری، بەڵام هەرگیز نابێت كە خوێنبەخشین بكرێتە هەنگاوێك بۆ دابەزاندنی كێشی لەش. بەخشینی بوتڵێك خوێن كە دەكاتە 500 میللیلیتر (سانتیمەتر سێجا) كێشەكەی نزیكەی نیو كیلۆگرامە، ئەمەش بڕێكی فەرامۆشكراوە و كاریگەری ناكاتە سەر قەبارەی لەش و جلوبەرگ، هەروەها پاش ماوەیەكی كەم ئەم كێشە زیاد دەبێتەوە. ئەو كەسانەی كە بە خێرایی كێشی لەشیان دابەزیوە یان كێشی لەشیان كەمترە لە كێشی ئاسایی بە گوێرەی درێژی باڵا و تەمەن، ئەوا باش نییە كە خوێن ببەخشن، بە پێی رێنماییە پزیشكییەكان نابێ كە كێشی خوێنبەخش لە 60 كیلۆگرام كەمتر بێت و تەمەنی لە 18 ساڵ كەمتر بێت. هەروەها ئەو كەسانەی كە بە ریجیمی توند یان ریجیم هەڵە ئەنجام دەدەن بە مەبەستی كۆنترۆلكردنی كێشی لەش، هەرگیز كاندید نین بۆ خوێنبەخشین، ئەگینا خوێنبەخشین كاریگەری نێگەتیڤ دەكاتە سەر تەندروستی و كێشی لەش، ئەگەر ناچار بوون كە خوێن ببەخشن، ئەوا پێویستە سەرەتا پشكنینی خوێن ئەنجام بدەن بۆ دڵنیابوون لەوەی كە ئاستی ئاسن لە لەشیاندا كەم نییە و ئاستی هیمۆگلۆبینی خوێنیان لە سنووری ئاساییدایە.