خەمۆكی Depression نەخۆشییەكی ئاڵۆزە و بە چەندین شێوە و كۆرسی جیاواز خۆی دەنوێنێ، ملیۆنەها تووشبوو بە درێژایی تەمەن لە ململانێدان لەگەڵ خەمۆكیدا بە بەكارهێنانی دەرمان، چارەسەری دەروونی Psychotherapy، هەتا هەندێك جار لەكارەبادانی سەر ECT، لەگەڵ ئەمەشدا هێشتا حاڵەتەكانی خۆلەناوبردن Suicide لە نێو تووشبوواندا دەبینرێت. گەلێك جار بەرگەگرتنی ئازاری دەروونی خەمۆكی یەكجار سەخت دەبێت و تووشبوو هەست بە نائومێدییەكی توند دەكات. هەندێك لە تووشبووان بە خەمۆكیی قووڵ كۆتایی بە ژیانیان دێنن، نەك لەبەر ئەوەی كە چیتر ژیانیان ناوێت، بەڵكو تەنیا بۆ كۆتایی هێنان بە ئازاری دەروونی كە ناتوانن چیتر بەرگەی بگرن. نیشانەكانی هەوڵدان بۆ خۆلەناوبردن بریتین لە: قسەكردن سەبارەت بە نائۆمێدی و بێ بەهایی لەگەڵ هەستكردن بە نەبوونی یارمەتی، هەستكردن بە قەتیسبوون و رەشبینی، هەستكردن بە خەم و دڵتوندییەكی قووڵ، زیاد تووڕە بوون و زوو هەڵچوون، نەمانی ئارەزوو بۆ ژیان و نزیكبوونەوە لە كەسانی خۆشەویست، گرفت لە نووستندا بەتایبەتی خەوزڕان، پەیوەندیكردن بە هەندێك كەس و خواحافیزیكردن، یان خاترخواستن لێیان. دەستنیشانكردنی هەوڵی خۆلەناوبردن لە یەكێكی تووشبوو بە خەمۆكی لە لایەن دكتۆر، یان كەسانی نزیكدا تەنیا نیوەی رێگرتن پێكدەهێنێت، چونكە دەستنیشانكردنی كاتی هەوڵدانەكە كارێكی سەختە، ئەگەرچی مەرج نییە كە هەموو هەوڵێك بە ئەنجام بگەیەنرێت، بەتایبەتی پاش ئاشكرابوون، یان دەستنیشانكردن. ئەگەری هەوڵی خۆلەناوبردن گەلێك جار پاش بەكارهێنانی دەرمانی دژەخەمۆكی بۆ یەكەم جار دەستپێدەكات، هەندێك جاریش پاش وازهێنان لە بەكارهێنانی دەرمان.