گیرانی كەناڵی فرمێسك Tear duct كە كەوتۆتە نێوان چاو و لووت، دەبێتە هۆی زیاد تەڕبوون و سووتانەوەی چاو و هەوكردنی درێژخایەن. گەلێك جار لەگەڵ لەدایكبووندا بە شێوەیەكی زگماكی كەناڵی فرمێسكیان دەگیرێت كە لەخۆیەوە پێش تەمەنی یەك ساڵی دەكرێتەوە. لە گەورەكاندا گیرانی كەناڵی فرمێسك هۆكاری دیكەی هەیە، وەكو: هەوكردنی درێژخایەنی جیوبی لووت، مۆنگۆلیزم، بەساڵاچوون كە دەبێتە هۆی تەسكبوونەوەی كەناڵی فرمێسك، برینداربوونی دەموچاو بەتایبەتی شكانی ئێسكی لووت، زێدەگۆشت لە ناوپۆشی لووتدا Nasal polyps، هەوكردن لە چاودا، پەیدابوونی گرێ لە نزیك كەناڵی فرمێسكدا. باوترین نیشانەی گیرانی كەناڵی فرمێسك بریتییە لە زیاد فرمێسككردن و روونبوونی فرمێسك واتە زیاتر دەبێتە ئاویی. پاش گیرانی كەناڵی فرمێسك، بەكتریا لەناو كیسی فرمێسكدا جێگیر دەبێت و هەوكردن پەیدا دەكات، ئینجا نیشانەی دی دەردەكەون بە شێوەی ئازار و ئاوسان و سووربوونەوەی گۆشەی دیوی ناوەوەی چاو(نزیك لووت) لەگەڵ بەشی سەرەوەی لووت، دووبارەبوونەوەی هەوكردنەكانی چاو، دەردراوی لینج لە چاودا، ناڕوونی لە بینیندا Blurred vision، بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەش. نیشانەكان لەوانەیە كە سەختتر بن لەگەڵ تووشبوون بە هەڵامەت و ئەنفلوەنزا یان هەوكردنی جیوبی لووت، هەروەها لەگەڵ بەركەوتن بە سەرما و با و تیشكی خۆر.