پێوانەی تێكڕای بارستایی لەش و پێوانەی چێوەی كەمەر گرنگییان هەیە لە دیاركردنی ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشی دڵ و شەكرە و بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، هەروەها گرفتەكانی دیكەی پەیوەست بە قەڵەوی. لە دوا لێكۆڵینەوەكاندا هاتووە كە هەر چەند پێوانەی تێكڕای بارستایی لەش BMI بەرزتر بێت، هێندە ئەگەری تووشبوون بە 10 جۆری شێرپەنجە زیاتر دەبێت. بەگشتی دوو هۆكاری سەرەكی رۆڵیان لە تووشبوون بە شێرپەنجە Cancer هەیە، هۆكاری جینی(زگماكی) و هۆكاری دەوروبەر. ئەگەرچی هۆكارەكانی وەكو تەمەن، رەگەز، وەستانی سووڕی مانگانەی ئافرەت، جگەرەكێشان، پیسبوونی ژینگەو...تاد هۆكاری زەقن، بەڵام زیادبوونی كێشی لەش و قەڵەوی هۆكارێكی بەهێزە بۆ تووشبوون بە شێرپەنجە. زیادبوونی كێشی لەش بە شێوەی بەرزبوونی 5 ژمارە لە تێكڕای بارستایی لەشدا ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەی منداڵدان، ملی منداڵدان، كیسی زەرداو، گورچیلە، گلاندی دەرەقی و شێرپەنجەی خوێن زیاد دەكات. هەروەها قەڵەوی ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەی جگەر، كۆڵۆن، هێلكەدان، كۆئەندامی هەناسە زیاد دەكات. بە پێی ئامارەكان، ژمارەی كەسانی قەڵەو لە جیهاندا گەیشتۆتە زێتر لە 2 ملیار، هەروەها ساڵانە نزیكەی 3.5 كەس لە جیهاندا بە هۆی قەڵەوییەوە ژیانیان لەدەست دەدەن. جگە لە مەیلی زگماكی، زیاد خواردنی خۆراكی خێرا، نوشابە گازدارەكان، شیرەی دەستكردی میوە، یان شەربەت، شیرینی، جیبس، لەگەڵ كەمی جوولە و كەمی مەشقی وەرزشی هۆكارن بۆ زیادبوونی كێش و قەڵەوی.