گەلێك كەس پاش خواردنی ژەمی نیوەڕۆ Lunch دوچاری بۆرژان دەبنەوە و گەلێكیان بە گەدەی پڕەوە بۆ ماوەیەك دەخەون. ئەمە گرفتێكی گەورەیە بەتایبەتی بۆ ئەو كەسانەی كە پاش ژەمی نیوەڕۆ دووبارە دەچنەوە سەر كار و پیشەیان. بۆ رێگرتن لەم گرفتە، پەیڕەوی چەند خاڵێك بكە، بۆ نموونە شەوانە 8 كاتژمێر بۆ نووستن تەرخان بكە، هەوڵ بدە كە رۆژانە لە هەمان كاتدا لە خەو هەڵسیت. بڕی چەوری و شیرینی لە ژەمی خۆراكی نیوەڕۆدا كەم بكەوە، ئەگەر حەزت لە شیرینییە وا باشترە كە لەجیاتی شیرینی دەستكرد، بڕێك میوە بخۆیت كە شیرینی سروشتی لەخۆدەگرێت. پێویستە خۆراكەكانی ژەمی نیوەڕۆ دەوڵەمەند بن بە ئاسن، پرۆتین، كاربۆهیدراتی ئاڵۆز. قەبارەی ژەمی نیوەڕۆ بچووك بكەوە و دووركەوە لە زیاد خواردن، چونكە هەرسكردنی ژەمێكی خۆراكی گەورە لەش ماندوو دەكات و ئەگەری بۆرژان و هەستكردن بە هیلاكی زیاد دەكات. هەوڵ بدە كە 15 خولەك پاش خواردنی ژەمی نیوەڕۆ بۆ ماوەیەكی كورت رۆیشتنێكی خێرا ئەنجام بدەیت، پاشان بچیتەوە سەر كارەكەت، دەتوانیت هەر لە ژووری ئۆفیسدا چەند جوولەیەك لەگەڵ مەشقەكانی هەناسە ئەنجام بدەیت بە مەبەستی بەرزكردنەوەی ئاستی گازی ئۆكسجین لە خوێندا بۆ تاودانی وزەی لەش. بڕێكی باشی ئاو لە پاش ژەمی نیوەڕۆ بخۆرەوە لەوكاتەی كە بۆرژان یەكێكە لە نیشانەكانی كەمبوونەوەی شلەی لەش Dehyration، هەروەها هەستكردن بە ماندووبوون.