نیشانەكانی هەوكردنی ریخۆڵە كوێرە

نیشانەكانی هەوكردنی ریخۆڵە كوێرە
ریخۆڵەكوێرە Appendix كەوتۆتە لای راست و خوارەوەی سك لە نزیك بەیەكگەیشتنی ریخۆڵە باریكە و ریخۆڵە ئەستوورە، نزیكەی -8 10 سانتیمەتر درێژە، تا ئێستا فرمانەكەی بە تەواوی نەزانراوە. هەوكردنی ریخۆڵەكوێرە Appendicitis حاڵەتێكی تەنگاوی پزیشكییە، پێویستی بە نەشتەرگەری خێرا و كتوپڕ هەیە بۆ لابردنی، ئەگینا ریخۆڵەكوێرەی هەوكردوو دەتەقێت و هەوكردن بەناو بۆشایی سكدا بڵاودەكاتەوە كە حاڵەتێكی مەترسیدارە ئەگەر زوو چارەسەر نەكرێت. هۆكاری هەوكردنی ریخۆڵە كوێرە دەگەڕێتەوە بۆ گیرانی بە هۆی پاشەڕۆ، یان تەنێكی بیانی، هەروەها هەوكردن لە شوێنێكی دیكەی لەش لەوانەیە ببێتە هۆی گیرانی ریخۆڵەكوێرە لەوكاتەی كە لەگەڵ هەر هەوكردنێك لە لەشدا وەكو كاردانەوەیەك ریخۆڵەكوێرە دەئاوسێت. نیشانە سەرەكییەكانی هەوكردنی تیژی ریخۆڵەكوێرە ئەمانەن: ئازار لە بەشی راست و خوارەوەی سكدا كە بە یەكەم نیشانە دادەنرێت، كەمبوونەوەی ئارەزووی خواردن، هێڵنج یان رشانەوە راستەوخۆ پاش سەرهەڵدانی ئازار، ئاوسانی سك، بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەش كە لەوانەیە بگاتە 38.8 پلەی سەدی، قەبزی یان سكچوونێكی سووك. ئەگەر هەر كەسێك ئەم نیشانانەی هەبێت، پێویستە كە هیچ دەرمانێكی دژەئازار، دەرمانی رەوانبوون، دەرمانی دژی دڵەكزێ بەكارنەهێنێت، یان دانانی شتی گەرم لەسەر شوێنی ئازار، چونكە لەوانەیە كە ریخۆڵە كوێرەی هەوكردوو بتەقێت و حاڵەتەكە ئاڵۆزتر بكات.
Top