نەخۆشی شەكرە لە منداڵ و نەوجەواندا

نەخۆشی شەكرە لە منداڵ و نەوجەواندا
تا ئەم دواییە تەنیا نەخۆشی شەكرەی جۆری یەكەم Type 1 diabetes لە منداڵ و نەوجەواناندا دەبینرا، لەم جۆرەی نەخۆشی شەكرەدا گلاندی پەنكریاس توانای دروستكردنی هۆرمۆنی ئینسولینی نییە، بۆیە چارەسەركردن بە پلەی یەكەم بە پێدانی هۆرمۆنی ئیسنولین لە رێگەی دەرزی ژێر پێستەوە دەكرێت. هۆرمۆنی ئینسولین هانی شەكری خوێن دەدات بچێتە ناو خانەكانی لەشەوە تاكو بۆ وزە بەكاربێت. ئێستا نەخۆشی شەكرەی جۆری دووەم Type 2 diabetes لە منداڵ و نەوجەواناندا بەدی دەكرێت لەوكاتەی كە ئەم جۆری شەكرە زیاتر لە گەورەكاندا دەبینرێت، هۆكاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ زیادبوونی كێشی لەش و قەڵەوی، هەروەها بوونی مەیلی خێزانی بۆ تووشبوون بە شەكرە، كەمی جوولە و مەشقی وەرزشی. لەم جۆرەی شەكرەدا، لەش بە دروستی توانای بەكارهێنانی هۆرمۆنی ئینسولینی نییە، بۆیە زیاتر بە حەبی دابەزاندنی ئاستی شەكری خوێن كۆنترۆڵ دەكرێت. بۆ خۆپاراستن ئەم هەنگاوانە گرنگن: كۆنترۆڵكردنی كێشی لەش، زیادكردنی چالاكی بەدەنی و مەشقی وەرزشی، خۆراكی هاوسەنگ و تەندروستییانە لەگەڵ دووركەوتنەوە لە زیاد خواردن و خۆراكی شیرین و خۆراكی خێرا، كەمكردنەوەی كاتژمێرەكانی دانیشتن بەرانبەر بە تەلەڤزیۆن و كۆمپیوتەر و یارییە ڤیدیۆییەكان.
Top