تەكنەلۆژیای لێزەر بۆ چارەسەركردنی گەلێك گرفتی ددان و پوك سوودی لێوەردەگیرێت. لە حاڵەتی كلۆربوونی دداندا، لێزەر بەكاردێت بۆ لابردنی بەشی كلۆربووی ددان و ئامادەكردنی بۆ پڕكردنەوە، هەروەها سوودی هەیە بۆ هاندانی رەقبوونی شوێنە پڕكراوەكە. لە حاڵەتەكانی نەخۆشی پوكدا، لێزەر بەكاردێت بۆ دووبارە رێكخستەوەی شێوەی پوك و لابردنی بەكتریا لە زۆربەی هەنگاوەكانی ئەنجامدانی بڕینی دەمار Root canal. بۆ سپیكردنەوەی ددان، لێزەر رۆڵی هەیە بۆ ئاكتیڤكردنی گیراوەی پیرۆكساید Peroxide كە بۆ سپیكردنەوەی ددان بەكادرێت، بەمەشەوە كرداری سپیكردنەوە خێراتر دەبێت. لێزەر لە چارەسەركردنی چەند گرفتێكی تری دەم و ددان بەكاردێت، وەكو كەمكردنەوەی ئازاری كولبوونی دەم، لابردنی هەندێك جۆری برین یان پنتی كولبوون لە دەمدا، لابردنی بەشێك لە شانەی دەم Biopsy بە مەبەستی پشكنینی شانەیی لە تاقیگە و دەستنیشانكردنی شێرپەنجە. لایەنە باشەكانی چارەسەری لێزەری بۆ ددان بریتین لە: كەمكردنەوەی ترس و نیگەرانی لەوكاتەی كە نەخۆش كەمتر هەست بە ئازار دەكات و كەمتر پێویست بە لێدانی بەنج دەكات، كەمكردنەوەی ئەگەری خوێنبەربوون و ئاوسانی شانە نەرمەكان، هێشتنەوەی بارستاییەكی زیاتری ددان لەكاتی پاككردنەوەی چاڵەكانی ددان. بەگشتی چارەسەر بە لێزەر بۆ گرفتەكانی ددان گران دەوەستێت بە بەراورد لەگەڵ چارەسەری ئاسایی.