كۆلا زیان بە ئێسك دەگەیەنێت

كۆلا زیان بە ئێسك دەگەیەنێت
ترشی فۆسفۆریك Phosphoric acid یەكێكە لە پێكهاتە سەرەكییەكانی كۆلا و بیبسی، هەروەها وەكو ماددەیەكی پاراستن لە تێكچوون دەخرێتە ناو گەلێك خواردنەوە و خۆراكی دیكەوە. ئەم ترشە كاریگەری نێگەتیڤ دەكاتە سەر تەندروستیی ئێسك بەوەی كە بارستایی، یان پتەویی ئێسك كەم دەكاتەوە، بە مانایەكی دی رێژەی كانزایەكانی ئێسك كەم دەبێتەوە، بەمەش ئێسك لاواز و بێهێز دەبێت و بە زەبرێكی دەرەكی سادەوە دەشكێت. ترشی فۆسفۆریك لە پیشەسازیدا بۆ سپیكردنەوەی كانزایەكان بەكاردێت، كەچی لەگەڵ هەندێك مادەی كیمیایی تردا دەخرێتە ناو بیبسی بە مەبەستی رێگرتن لە خراپبوون و بۆگەنبوون. بیبسی جگە لە ترشی فۆسفۆریك، پێكهاتووە لە شەكر، ئاوی كاربۆنكراو، رەنگ (كارامێل Caramel)، ماددەیەكی چێژی كۆلا، بەڵام هیچ ماددەی سوودبەخشی وەكو ڤیتامین و كانزا یان ماددەی دژەئۆكسانی تێدانییە كە هەڵسوڕێنەرن بۆ زیندە كارلێكە كیمیاییەكانی لەش و بەدەستهێنانی وزە. بۆیە كۆلا تەنیا وزەی بەتاڵ یان كالۆری بەتاڵی Empty Calories تێدایە، كە هۆكارە بۆ زیادبوونی كێشی و قەڵەوی، شەكریش لەش هیلاك دەكات تا دەگۆڕێ بۆ وزە. هەر بۆیەشە كە زیاد خواردنەوەی كۆلا و نوشابە گازدارەكانی تر یەكێكە لە نەریتە خراپەكانی پەیوەست بە خۆراك.
Top