لە ئافرەتێكی تەندروستدا، سووڕی مانگانەی ئاسایی Mensruation بە تێكڕای هەر 28 رۆژ جارێك دووبارە دەبێتەوە، لەوكاتەی كە بەشە ئاوساوەكەی ناوپۆشی منداڵدان كە بۆ وەرگرتنی هێلكۆكەی پیتێنراو ئامادە دەبێت هەڵدەورێت یان جیادەبێتەوە و دەبێتە هۆی خوێنبەربوونی سووڕی مانگانە. كە لەشی ئافرەت دەكەوێتە ژێر سترێسێكی Stress توند و بەردەوام، ئەوا لەش چەند هۆرمۆنێك دەردەدات كە بە هۆرمۆنەكانی سترێس ناسراون وەكو هۆرمۆنی ئەدرینالین Adrenaline و هۆرمۆنی كۆرتیزۆل Cortisol. ئەدرینالین وزەی زیاد دەداتە لەش، كۆرتیزۆل توانای فرمانەكانی مێشك زیاتر دەكات و فرمانە كەمتر گرنگەكانی لەش سست دەكات یان رادەگرێت وەكو هەرسكردن، گەشەی خانەكان، فرمانی كۆئەندامی زاوزێ. رێژەی بەرزی كۆرتیزۆل لە لەشدا وا لە مێشك دەكات كە سیگنال بدات بۆ راگرتنی فرمانەكانی كۆئەندامی زاوزێ بە شێوەی رێگرتن لە دەردانی هۆرمۆنەكانی ئیسترۆجین و پرۆجێستیرۆن كە بەرپرسن لە سووڕی مانگانە، بەمەشەوە سووڕی مانگانە دەوەستێت Amenorrhea یان دوادەكەوێت یان سووڕێكی كورت لەگەڵ بڕێكی كەمی خوێن بەدی دەكرێت. سترێس ئاستەنگ دەخاتە بەر لەش بۆ راپەڕاندنی فرمانەكانی، هەروەها كە سترێس توندتر دەبێت ئەوا كاریگەری بەرچاو دەكاتە سەر سووڕی مانگانە، بۆیە هەوڵدان بۆ سووككردنی یان هێشتنەوە سترێس لە ئاستێكی نزمدا رێگەیەكی ئاكتیڤە بۆ هێشتنەوەی فرمانەكانی لەش و ریتمی سووڕی مانگانە بە شێوەیەكی دروست.