بۆچی جگەرە دوژمنی دڵە؟

بۆچی جگەرە  دوژمنی دڵە؟
زۆربەی خەڵك ئەمە دەزانن كە جگەرەكێشان پەیوەندی بە شێرپەنجەی سییەكانەوە هەیە، بەڵام درك بەوە ناكەن كە جگەرە هۆكارێكی گەورەی تووشبوونە بە نەخۆشی دڵ لە پیاو و ئافرەتدا. لە ئامارەكاندا هاتووە كە لە ئەمریكادا نزیكەی 20%ی حاڵەتەكای مردن بە نەخۆشی دڵ راستەوخۆ پەیوەندییان بە جگەرەكێشانەوە هەیە. ئەگەری تووشبوون بە نۆرەی دڵ Heart attack بە كێشانی ژمارەی زیاتری جگەرە زیاتر دەبێت، هەروەها جگەرەكێشان بۆ ماوەیەكی زۆرتر ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشی دڵ زیاتر دەكات. ئەو كەسانەی كە رۆژانە یەك پاكێت جگەرە دەكێشن، دوو هێندەی كەسێكی جگەرەنەكێش ئەگەری تووشبوونیان بە نۆرەی دڵ لێدەكرێت. ئەو ئافرەتانەی كە جگەرەكێشن و حەبی رێگری لە دووگیانی بەكاردێنن ئەوا ئەگەری تووشبوونیان بە نەخۆشی دڵ و جەڵتە و مەیینی خوێن و نەخۆشی خوێنبەرەكان چەندین جار زیاترە لە ئافرەتانی تر. میكانیزمی تووشبوونی جگەرەكێشەكان بە نەخۆشی دڵ دەگەڕێتەوە بۆ نیكۆتین بەم كاریگەرییانە: كەمبوونەوەی رێژەی گەیشتنی گازی ئۆكسجین بە ماسوڵكەی دڵ، بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، زیادبوونی لێدانەكانی دڵ، زیادبوونی ئەگەری مەیینی خوێن، تێكدانی خانەكانی ناوپۆشی خوێنبەرەكانی تاجی دڵ و خوێنبەرەكانی تری لەش.
Top