لەوكاتەی كە كەمی ئاسن دەبێتە هۆی كەمخوێنی كە هۆكارێكی زەقە لەپاڵ تەنكبوونی قژ لە ئاقرەتدا، بەكارهێنانی حەب یا كەپسول كە كانزای ئاسن لەخۆدەگرێت Iron pills رۆڵی بەرچاوی هەیە بۆ دووبارە گەشەكردنەوەی قژ. لە لایەكی دیكەوە، بەكارهێنانی حەبی ئاسن زیانی لابەلای بەدواوەیە، بۆیە نابێ كە هەرگیز بە بێ رێنمایی دكتۆر بەكاربهێنرێت. تەمەنی خڕۆكە سوورەكانی خوێن 120 رۆژە، خڕۆكە سوورەكان ماددەی هیمۆگلۆبینیان تێدایە كە ئاسن لەخۆدەگرێت. پاش تێكشكانی خڕۆكە سوورەكان لەش ئاسن دووبارە بەكاردێنێتەوە (ریسایكل دەكات)، بەڵام لە ئافرەتدا لەبەر سووڕی مانگانە بڕێك لە كانزی ئاسن ون دەبێت، بۆیە پێویستە كە لە رێگەی خۆراك یان لە رێگەی بەكارهێنانی حەبی ئاسن ئەم ونبوونە قەرەبوو بكاتەوە، ئەگینا ئافرەت دووچاری كەمخوێنی دەبێت. ئەو ئافرەتانەی كە لە رووی خۆراكەوە زیاتر رووەكین، یان سووڕی مانگانەیان قوڕسە و بڕی زیادی خوێن ون دەكەن، زیاتر تووشی كەمخوێنی و قژهەڵوەرین دەبنەوە ئەگەر حەبی ئاسن وەرنەگرن بە رێنمایی دكتۆر. زیانە لابەلاكانی بەكارهێنانی حەبی ئاسن بریتین لە: ناڕحەتی لە گەدە و ریخۆڵەدا، قەبزی، هەروەها زیاد بەكارهێنانی ئاسن بۆ ماوەیەكی زۆر دەبێتە هۆی نیشتنی ئاسن لە هەندێك شانەی لەش و زیان گەیاندن بە جگەر و كۆئەندامی دڵ و سووڕان.