گرفتی فێربوون Learning disability لەوانەیە گرفت لە یەكێك یان زیاتر لەمانە بگرێتەوە: فێربوونی خوێندنەوە، گرفت لە نووسین، گرفت لە گوێگرتن، گرفت لە دەربڕین یان وتنەوە، گرفت لە تێگەیشتنی بیركاری، بێ ئەوەی كە هیچ كێشەیەك، یان نەخۆشییەك لە مێشك و هەستەكانی بیستن و بینین و قسەكردندا هەبێت. لە وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكادا لە هەر 5 كەس یەكێكیان گرفتی فێربوونی هەیە، نزیكەی 3 ملیۆن منداڵ لە تەمەنی 6-12 ساڵیدا جۆرێك گرفتیان لە فێربووندا هەیە. ئەو منداڵانەی كە گرفتیان لە فێربووندا هەیە، مەرج نییە كە تەمبەڵ بن، لە راستیدا ئاستی زیرەكی زۆربەیان ئاسایی یان لە سەرووی ئاساییەوەیە، گرفتەكە تەنیا لەوەدایە كە مێشك بە شێویەكی جیاواز مامەڵە لەگەڵ زانیارەكاندا دەكات. ئەم گرفتە زیاتر لەكاتی چوونی منداڵ بۆ قوتابخانە دەستنیشان دەكرێت، دایك و باوك و مامۆستایانی قوتابخانەی بنەڕەتی بە ئاسانی دەستنیشانی دەكەن. ئەگەرچی ئەم گرفتە زۆر جار بە درێژایی تەمەن بەردەوام دەبێت و چارەسەری بنەڕەتی و یەكجارەكی ئاسان نییە، بەڵام دەكرێ بە هاوكارییەكی باش ئەو منداڵانەی گرفتی فێربوونیان هەیە، بەباشی فێربن، بە مانایەكی دى پاش فێركردنی تایبەت Special education كە گەلێك تایبەتمەندی دەگرێتەوە.