ماست Yogurt بەرهەمێكی هەوێنبووی شیرەمەنییە، سەرچاوەیەكی دەوڵەمەندە بۆ كانزای كالسیۆم كە گرنگە بۆ گەشە و پتەوی ئێسكەكان و ددان، هەروەها سەرچاوەیە بۆ پرۆتین و ڤیتامینەكانی A و B و D و كانزایەكانی زینك، پۆتاسیۆم، مۆلبیدینیۆم. هەرسكردنی ماست لە هەرسكردنی شیر ئاسانترە و هاریكاریی هەرسكردن و هەڵمژینی ماددە خۆراكییەكان لە خۆراكی تردا دەكات بەتایبەتی كالسیۆم و كۆمەڵەی ڤیتامین B چونكە گەلێك ئەنزیم لەخۆدەگرێت و رۆڵی هەیە لە چالاككردنەوەی بەكتریا سوودبەخشەكانی ناو ریخۆڵە لەگەڵ یارمەتیدانی لەش بۆ دروستكردنی ڤیتامین K. ماست بە هۆی بەكتریا سوودبەخشەكەیەوە ئاستی كۆلیستیرۆلی خراپ LDL دادەبەزێنێت و ئاستی كۆلیستیرۆلی باش HDL بەرزدەكاتەوە، كۆڵۆنیش لە تووشبوون بە شێرپەنجە دەپارێزێت. ماست بەكتریای لاكتۆباسێللەس Lactobacillus لەخۆدەگرێت كە بە پرۆبایۆتیك Probiotic ناسراوە و رۆڵی هەیە لە دروستكردنی بیتا كارۆتین كە لەش دەیگۆڕێت بۆ ڤیتامین A، بۆیە خۆراكێكی گونجاوە بۆ تووشبووان بە كەمیی ڤیتامین A. هێشتا كەمیی ڤیتامین A لە وڵاتە تازە گەشەكردووەكاندا بەدی دەكرێت، ڤیتامین A زۆر گرنگە بۆ تەندروستیی چاو، گەشە و پەرەسەندنی كۆرپە، بەهێزكردنی سستمی بەرگریی لەش.