جگە لە پشكنینە ئاساییەكانی وەكو نەخشەی كارەبایی دڵ، ئەنزیمەكانی خوێن، سۆنار، قەستەرە، ئێستا چەند پشكنینێكی نوێ بە مەبەستی زوو دەستنیشانكردنی نەخۆشیی دڵ لەبەردەستدان. تێستی CardioDx بە وەرگرتنی سامپڵێكی بچووكی خوێن 23 جین چێك دەكاتەوە كە نەخۆشیی دڵت هەیە یان نا، ئەم تێستە نوێیە ئەگەرچی كەمێك گرانە و پاش 3 رۆژ ئەنجامەكەی دەردەكەوێت، بەڵام جێگای متمانەیە بۆ دەستنیشانكردنی نەخۆشیی دڵ و باشترە لە تێستی مەترسیداری وەكو قەستەرەی دڵ. پشكنینی هیمۆگڵۆبینی گلوكۆزبوو یان HbA1c كە بۆ داریكركردنی كۆنترۆڵكردنی شەكرە ئەنجام دەدرێت، ئەگەرچی نوێ نییە، بەڵام شتێكی نوێیە كە بۆ دەستنیشانكردنی نەخۆشیی دڵ لە تووشبووان بە نەخۆشیی شەكرە سوودی هەبێت. ئەم پشكنینە تێكڕای ئاستی شەكری خوێن لە دوا 3-4 مانگی رابردوودا پیشان دەدات، ئەگەر رێژەكەی لە 7% كەمتر بێت ئەوا ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی دڵ كەمتر دەبێتەوە، هەر چەند ئەم رێژەیە كەمتر بێتەوە، هێندە ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی دڵیش كەمتر دەبێتەوە. پشكنینی CIMT كە بە شەپۆلی دەنگ كاردەكات و وەكو سۆناری خوێنبەری كارۆتیدی Carotid پێشەوەی مل وایە، ئەستووریی ناوپۆش و تەسكبوونەوە و گیرانی ئەم خوێنبەرە دەستنیشان دەكات كە خوێنبەری سەرەكییە بۆ مێشك. زیادبوونی ئەستوریی ناوپۆشی ئەم خوێنبەرە واتە زیادبوونی ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی خوێنبەرەكان بەتایبەتی خوێنبەرەكانی نەخۆشیی دڵ.