هەر ناڕێكییەك لە سووڕی مانگانەی ئافرەت لە هەر كات و ساتێكدا دەبێتە مایەی نیگەرانی. بینینی چەند دڵۆپێك خوێن Spotting لەكاتی مەشقی وەرزشیی تونددا شتێكی ئاساییە و هەرگیز مانای بوونی نەخۆشییەك لە كۆئەندامی زاوزێی ئافرەت ناگەیەنێت. نزیكەی هەموو پسپۆڕانی تەندروستیی ئافرەتان جەخت لەوە دەكەنەوە كە دواكەوتنی سووڕی مانگانە، یان بینینی بڕێكی كەمی خوێن لەكاتی یان لەپاش مەشقی وەرزشیدا بە شتێكی ئاسایی هەژمار دەكرێت كە رەنگێگی قاوەیی كاڵی هەیە، بەڵام بینینی بڕی زۆری خوێن لەكاتی هەر مەشقێكی وەرزشیدا هەرگیز ئاسایی نییە و پێویست بە چارەسەر دەكات. بەگشتی لە حاڵەتی ئاساییدا، ئافرەت هەر 21-35 رۆژ جارێك دەكەوێتە سووڕی مانگانەوە، بینینی خوێن هەر كاتێك لە دەرەوەی سووڕی مانگانەدا نائاساییە. بینینی هەر بڕێكی خوێن لەپاش مەشقی وەرزشی لە كاتی دووگیانیدا هەرگیز نابێ فەرامۆش بكرێت و پێویست بە سەردانی پزیشك دەكات. بینینی خوێن بە شێوەیەكی پچڕ پچڕ، یان بەردەوام لەوانەیە كە گەلێك نەخۆشی لەپاڵەوە بێت، وەكو: شێرپەنجە، سستبوونی گلاندی دەرەقی، فرەكیسی هێلكەدان.