ئایا لەیسیك جێگرەوەیە بۆ چاویلكەی پزیشكی؟

ئایا لەیسیك جێگرەوەیە بۆ چاویلكەی پزیشكی؟
لەیسیك Lasik نەشتەرگەرییەكی چاوە كە شێوەی چینی كۆرنیا Cornea بۆ هەمیشە دەگۆڕێت بە مەبەستی باشتركردنی بینین لەجیاتی بەكارهێنانی چاویلكە یان هاوێنەی لكاو. لەیسیك جێگرەوەیە بۆ چارەسەری كلاسیكی كورتبینی Myopia، دووربینی Hypermetropia یان ئەستیگماتزم بە چاویلكە یان هاوێنەی لكاو. لە زۆربەی حاڵەتەكاندا چەند رۆژێك پاش نەشتەرگەری بینین جێگیر دەبێت، بەڵام لە هەندێك كەسدا 3-6 مانگ درێژە دەكێشێت، هەندێك كەسی دیكە پێویستیان بە دووبارە ئەنجامدانی نەشتەگەری دەبێت. ئەوانەی كە تەمەنیان لە سەرووی 45 ساڵە و چارەسەری لەیسیكیان بۆ كراوە، هێشتا پێویستییان بە بەكارهێنانی چاویلكەی پزیشكی دەبێت. رێژەیەكی كەمی ئەو كەسانەی كە چارەسەری لەیسیك وەردەگرن دووچاری چەند گرفتێكی لابەلا دەبنەوە، هەندێك جاریش پێویستییان بە دووبارە چارەسەر دەبێت لەبەر زیاد راستكردنەوە یان كەم راستكردنەوەی گرفتی بینین، لەوانەشە كە پێویستییان بە بەكارهێنانی هاوێنەی لكاو Contact lenses یان چاویلكە بێت. زیانە لابەلاكانی نەشتەرگەری لەیسیك بریتین لە: هەوكردنی چینی كۆرنیای چاو، پەیدابوونی ئاسەواری هەمیشەیی لەسەر چینی كۆرنیا كە رێگر دەبێت لەبەردەم بەكارهێنانی هاوێنەی لكاو، ناڕوونی لە بینیندا، وشكبوونی چاو، بنینی هێڵی رەنگاوڕەنگ Haloes لە دەوری گلۆپ و سەرچاوەی تری رووناكیدا، زیاد هەستیاربوونی چاو بە رووناكی، گرفتی بینین لەكاتی شەودا بەتایبەتی لەكاتی لێخوڕینی ئۆتۆمبیلدا، پەیدابوونی خاڵ یان پنتی سوور یان پەمبە لەسەر سپێنەی چاودا، كزبوونی بینین، هەستكردن بە زبربوونی رووی چاو Scratchiness.
Top