ئەلكهول هۆكارە بۆ نەخۆشی دڵ

ئەلكهول هۆكارە بۆ نەخۆشی دڵ
زیاد خواردنەوەی ئەلكهول بۆ ماوەیەكی زۆر بە چەندین میكانیزم لە لەشدا دەبێتە ئەگەری بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن و بەرزبوونەوەی ئاستی كۆلیستیرۆل، ئەمانەش هۆكاری هاندەرن بۆ تووشبوون بە نەخۆشی دڵ. هەروەها زیاد خواردنەوە دەبێتە هۆی ناڕێكبوونی لێدانەكانی دڵ، هەناسەتەنگی، سینگ ئێشە. ئەلكهول پاش چەند خولەكێك لە گەیشتن بە گەدە هەڵدەمژرێتە ناو خوێن، پاش 45-90 خولەك رێژەی ئەلكهول لە خوێندا دەگاتە بەرزترین ئاست، ئەمەش بەندە بە خێرایی خواردنەوە و بڕی خۆراك لە گەدە یان پڕیی و بەتاڵیی گەدە، هەروەها رێژەی ئەلكهول لە جۆری خواردنەوەكەدا لەگەڵ بچووكیی یان قەبەیی لەش. پاش هەڵمژینی ئەلكهول، جگەر دەستدەكات بە تێكشكاندنی بۆ ماددەی تر كە لە رێگەی میز و هەناسەدا دەردەدرێنە دەرەوەی لەش. لە كەسێكی تەندروستدا، جگەر لە ماوەی یەك كاتژمێردا توانای تێكشكاندنی یەك یەكەی Unit ئەلكهولی هەیە كە دەكاتە 25 میللیلیتر ڤۆدكا یان ویسكی یان 200 میللیلیتر بیرەی 5%. توانای جگەر بۆ تێكشكاندنی ئەلكهول سنووردارە، كە لە توانا دەرچوو ئەوكاتە خانەكانی جگەر زیانیان پێدەگات كە لەوانەیە كار بگاتە مۆمبوونی جگەر Cirrhosis. جگە لەمانە، ئەلكهول زیانی زۆرتر بە تەندروستی دەروونی و جەستەیی دەگەیەنێت.
Top