ئایا گۆشتی ئاژەڵی كۆپیكراو شیاوە بۆ خواردن؟

ئایا گۆشتی ئاژەڵی كۆپیكراو شیاوە بۆ خواردن؟
پاش ئەوەی كە زانای كۆرپەزانی سكۆتلەندی ئەیان ویلمۆت ساڵی 1997 توانی بەرخێك بە ناوی دۆڵی Dolly كۆپی بكات، مەسەلەكە لە چەندین لایەنەوە مشتومڕی زۆری نایەوە ئەگەرچی كە دوایی توانرا لە چەند سەنتەرێكی پزیشكی جیهانیدا ئاژەڵی تری وەكو چێڵ و بزن و ئاژەڵی تر كۆپی بكرێن. بەم دواییەش مشتومڕی زۆر پەیدا بوو بەتایبەتی لە نێو خەڵكدا سەبارەت بە خواردنی گۆشت یان شیری ئاژەڵی كۆپیكراو. لە دوایین لێدوانی ئاژانسی خۆراك و دەرمان FDA كە بارەگاكەی لە ئەمەریكایە هاتووە كە گۆشتی ئاژەڵی كۆپیكراو یان لەبەرگیراو Cloned animal meat بۆ خواردن سەلامەتە. پاش ئەنجامدانی زێتر لە 700 لێكۆڵینەوە، هیچ مەترسییەكی تەندروستی پەیوەست بە خواردنی گۆشت یان شیری ئاژەڵی كۆپیكراو نەدۆزرایەوە بەتایبەتی بزن و چێڵ. لە لایەنی زانستی پزیشكییەوە هیچ جیاوازییەك لە نێوان گۆشت و شیری ئاژەڵی كۆپیكراو و ئاژەڵی ئاساییدا نییە لە رووی پێكهاتەكانی وەكو پرۆتین، رێژەی ئاو، رێژە و جۆری چەورییەكان، ڤیتامین و كانزایەكان. كرداری كۆپیكردنی ئاژەڵ لە لایەنی ئابوورییەوە گران دەوەستێت، بۆیە فەراهەمبوونی لە بازاڕەكاندا بە دوور دەزانرێت بەتایبەتی كە خەڵك پەسەندی ناكەن بە بەراورد لەگەڵ گۆشت و شیری ئاژەڵی ئاسایی.
Top