چەند راستییەك سەبارەت بە ستیان بزانە

چەند راستییەك سەبارەت بە ستیان بزانە
ئامانجی سەرەكی لە بەكارهێنانی ستیان Bra بریتییە لە سەپۆرت وبەرزكردنەوەی مەمكەكان. گەلێك ئافرەت هەڵە دەكەن لە هەڵبژاردنی ستیانی گونجاو بە پێی تەمەن و قەبارە و شێوەی مەمك، بۆیە لەوانەیە كە دوچاری شۆڕبوونی مەمك بن. بە گوێرەی ماركەی ستیان قەبارەكەشی دەگۆڕێت، بۆ نموونە لەوانەیە كە قەبارەی 34D لە ماركەیەك گونجاو بێت بەرانبەر بە قەبارەی 36C لە ماركەیەكی تر. ئەگەر پێیەوە ناڕاحەت نەبیت دەتوانیت كە بە ستیانەوە بخەویت بەلای كەم بۆ كەمكردنەوەی، یان رێگرتن لە كاریگەرییەكانی هێزی كێشكردنی زەوی لەسەر مەمكەكاندا كە بە تێپەڕبوونی كات دەبێتە هۆی شۆڕبوونیان بەتایبەتی كە قەبارەی مەمكەكان گەورە بێت. بۆ نووستن ستیانێك هەڵبژێرە كە تەسك و گورج نەبێت، هەروەها باشترە كە وایەر یان تێلی بنەوەی Underwire نەبێت، چونكە فشار دەخاتە سەر پێست و لەوانەیە كە ببێتە هۆی بڵۆق، یان برین و ئاسەواری هەمیشەیی پێست. هەموو جارێك هەمان قەبارەی ستیان بۆتۆ گونجاو نییە، بەڵكو ساڵانە 3-6 جار قەبارەی جیاوازت پێویستە لەوكاتەی كە لەشت گۆڕانی بەسەردا دێت، هەروەها بە گوێرەی گۆڕانی كێشی لەش و سووڕی مانگانە و دووگیانی و شیردان و بەكارهێنانی دەرمانی هۆرمۆنی. ستیانیش وەكو دەرمان مێژووی بەسەرچوونی هەیە و ئێكسپایەر دەبێت. واباشە كە هەمان ستیان بۆ 2 رۆژی یەك لەوای یەك بەكارنەهێنرێت بە مەبەستی هێشتنەوەی توانا لاستیكییەكەی، هەروەها باشترە كە ستیان بە ئاوی سارد و پاككەرەوەی سووك بشۆرێت. واباشە كە ستیان پاش 4 هەفتە بگۆڕدرێت بەر لەوەی كە توانا لاستیكییەكەی لەدەست بدات.
Top