گۆڕانی مەزاج لە هەرزەكاردا

گۆڕانی مەزاج لە هەرزەكاردا
گۆڕانەكانی لەش و دەروون كە پەیوەستن بە تەمەنی هەرزەكاری و گۆڕان و گەشە و پەرەسەندنی لەش كاریگەری راستەوخۆ دەكەنە سەر مەزاج Mood و گۆڕان لە هەڵسوكەوتدا، بەڵام لە زۆربەی حاڵەتەكاندا خەمۆكی لەپاڵ گۆڕانی مەزاجی هەرزەكارەوەیە. ساڵەكانی هەرزەكاری بۆ گەلێك كەس دەبنە مایەی سترێس یان شەكەتی دەروونی. گێژاوێكی هۆرمۆنی لە لەشی هەرزەكاردایە كە كاریگەری زۆر دەكاتە سەر شێوەی جەستە و لایەنی دەروونی بەتایبەتی مەزاج و شێوەی بیركردنەوە كە زۆر جار وا دەكات هەرزەكار رەفتاری هەڵە و خێرا بكات، هەروەها بەدەر لە كۆنترۆڵ بڕیار بدات. گەشەكردنی باڵا و گۆڕان لە كێشی لەش و گەشەكردنی ئەندامە سێكسییەكان هەردەم مایەی نیگەرانییە لە هەرزەكاردا. جگە لە هۆكاری بایۆلۆژیی تەمەنی هەرزەكاری، فاكتەرە دەرەكییەكانیش كاریگەرییان هەیە لەسەر مەزاج و رەفتارەكانی هەرزەكاردا. گۆڕانی نێگەتیڤی توندی مەزاج لە هەرزەكاردا لەوانەیە كە بەدەر لە گۆڕانەكانی پەیوەست بە تەمەنی هەرزەكاری، لە راستیدا نەخۆشییەكی دەروونی لەپاڵەوە بێت بەتایبەتی خەمۆكی Depression یان گرفتی دەروونی دوولایەنە Bipolar disorder كە بریتییە لە هەڵبەزین و دابەزین لە هزر و مەزاج و چالاكییەكان بەگشتی. بەكارهێنانی هەندێك دەرمان و خواردنەوەی ئەلكهول هۆكارێكی دیكەیە لەپاڵ گۆڕانی نێگەتیڤ مەزاجی هەرزەكاردا.
Top