چینی دەرەوەی پێست لە خانەی مردوو پێكهاتووە كە نوقمن لەناو ئەو چەورییە سروشتییەی كە خانە زیندووەكانی پێست لە ژێرەوە دەریدەدەن. ئەم چەورییە وەكو بەربەستێكی سروشتی نایەڵێت كە ئاو لە لەشدا بچێتە دەرەوە، هەروەها نایەڵێت كە ماددە و میكرۆب بچنە ناو لەش. خانەكان و ماددە چەورییەكان لەم چینەی پێستدا بڕێكی دیاریكراوی ئاو هەڵدەمژن، ئەمەیە كە پێست بە لووس و نەرمی دەهێڵیتەوە. هەر كە ئەم ماددە چەورییە كەم دەبێت یان نامێنێت، ئەوا بڕە ئاوەكەی چینی سەرەوەی پێست خێراتر لە پێست جیادەبێتەوە یان دەبێتە هەڵم، دەرەنجام پێست وشك دەبێت و ئەگەری لۆچبوون دێتە پێشەوە. وشكبوونی پێست Skin dryness حاڵەتێكی باوە، هۆكاری زۆری هەیە، بۆ نموونە هەوای سپلیت و تەزووی هەوای گەرم، بەركەوتنی پێست بە هەوای سارد لە دەرەوە و بە هەوای گەرمی ناو ماڵ و ژوورەكان كە دەبنە ئەگەری كەمبوونەوەی رێژەی شێداری، زیاد شووشتنی پێست بە پاككەرەوە یان سابوونی بەهێز، ئەكزیما Eczema. پێست لە ئەنجامی وشكبوون دەقڵیشێت و لەبەر ونكردنی تەڕێتی تفر فڕێ دەدات، هێڵەكانی قڵیشان دەبنە بناغە بۆ لۆچبوون لە داهاتوودا، هەروەها زیاتر وشكبوونی پێست كرداری ئاسایی لۆچبوونی ئاسایی پێست كە پەیوەستە بە تەمەن تاو دەدات.