ڤایرۆسی ئیبۆلا

ڤایرۆسی ئیبۆلا
نەخۆشی ڤایرۆسی ئیبۆلا EVD نەخۆشییەكی مەترسیدارە، زۆر جاریش كوشندەیە كە بە تای ئیبۆلای خوێنبەربوون ناسراوە، پاش تووشبوون رێژەی مردن دەگاتە 90%، ڤایرۆسەكە لە ئاژەڵی كێوی تووشبوو بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە، هەروەها لە مرۆڤیشەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە. بە شێوەیەكی سروشتی ئەم ڤایرۆسە لە ئەفریقادا لە لەشی هەندێك جۆری شەمشەمەكوێرەی میوەدا Fruit bats دەژی، هەروەها لە لەشی شامبانزی و گۆرێلا و جۆری تری مەیمووندا.
نەخۆشی ڤایرۆسی ئیبۆلا هەوكردنێكی تیژ و توندە، پاش گەیشتنی ڤایرۆسی ئیبۆلا بە لەش، لە ماوەی 2-21 رۆژدا نیشانە سەرەتاییەكان دەردەكەون كە بریتین لە: بەرزبوونەوەیەكی خێرای پلەی گەرمی لەش، سەرئێشە، بێهێزی و هیلاكی لەش، ئازاری ماسوولكە، دەركەوتنی پنتی سوور لە پێستدا، سووربوونەوەی چاوەكان، كڕانەوە، یان هەوكردنی قوڕگ، پاشان رشانەوە، سكچوون، تێكچوونی فرمانی گورچیلە و جگەر، هەندێك جاریش خوێنبەربوون لە ناوەوەی لەشدا Internal bleeding، پاشان نیشانەی تر لە تووشبوودا دەر دەكەون بە شێوەی دابەزینی پەستانی خوێن، خێرابوونی هەناسە، لەهۆشچوون. ئەم نەخۆشییە تەنیا بە چەند پشكنینێكی تاقیگە دەستنیشان دەكرێت، لە پشكنینی خوێندا دابەزینی ژمارەی خڕۆكە سپییەكان و خەپڵەكانی خوێن لەگەڵ بەرزبوونەوەی ئەنزیمەكانی جگەر بەدی دەكرێت. تووشبووان تا خوێن و دەردراوەكانی لەشیان ڤایرۆسەكەی تێدا بێت، نەخۆشییەكە دەگوازنەوە. تا ئێستا دەرمانێكی تایبەت نییە بۆ لەناوبردنی ڤایرۆسی ئیبۆلا، بەڵام دەرمانی وەكو ریباڤیرین Ribavirin و ئینتەرفیرۆن بیتا Interferon beta سوودێكی سنوورداریان هەیە، هەروەها تا ئێستا هیچ ماكوتە، یان ڤاكسینێك دژی ڤایرۆسی ئیبۆلا لەبەردەستدا نییە.
Top