سووڕی مانگانەی رێك Menstrual cycle مانای تەندروستییەكی باش و هاوسەنگی ئافرەت دەگەیەنێت، دواكەوتن، یان وەستانی سووڕی مانگانە نیشانەیەكە كە لە هەموو حاڵەتەكاندا گرفتێكی تەندروستی لەپاڵەوەیە. كە لەش دەكەوێتە ژێر فشار، یان سترێسەوە وەكو ئەوەی كە لەكاتی ریجیمی تونددا روودەدات، ئەوا لەش گەلێك لە فرمانە نازەروورەكان لەدەست دەدات هەتا ئەگەر بە شێوەیەكی كاتیش بێت، بۆ نموونە لە ئافرەتدا كەمبوونەوەی توانای دووگیانبوون، هەروەها دواكەوتن، یان وەستانی سووڕی مانگانە بەتایبەتی كە رێژەی چەوری لەش كەمدەبێتەوە تا رێژەی %17-15 لە لەشدا. ریجیم Dieting بەتایبەتی ریجیمی توند، یان ریجیمی هەڵە دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی وزە و كەمیی ڤیتامین و كانزایەكان، ئەمەش بە چەندین شێوە لە لەشدا دەردەكەوێت، بۆ نموونە قژهەڵوەرین، تێكچوونی سووڕی مانگانە، كەمبوونەوەی ئارەزووی خواردن. پاش گەڕانەوە بۆ خۆراكی ئاسایی و دووبارە زیادبوونی كێشی لەش كە لە سنووری ئاساییدا بێت، ئەوا ریتمی سووڕی مانگانە وەكو جاران ئاسایی دەبێتەوە، خۆراكی دەوڵەمەند بە كالسیۆم و ڤیتامین B6 لەگەڵ ترشە چەورییە باشەكان گرنگی زۆری هەیە، بۆ نموونە خواردنی ماسی، ئەلبان، تۆوەكان، كاكڵەكانی وەكو گوێز و باوی، میوە بەتایبەتی ئاڤۆكادۆ، پاقلەمەنییەكان، گۆشتی پەلەوەر، سەوزەی جۆراوجۆر.