راكردن مەشقێكی باو و كاریگەرە بۆ دابەزاندنی كێشی لەش، بەڵام چەند راكردن ئەم ئامانجە دەپێكێت؟ هەر مەشقێكی وەرزشی لە رۆیشتنەوە بگرە تا دەگاتە راكردنی خێرا چەوری یان وزە دەسووتێنێ. كەسێك كە كێشەكەی 75 كیلۆگرام بێت، دەتوانێت نزیكەی 181 كالۆری وزە بسووتێنێت بە راكردن بۆ ماوەی نیو كاتژمێر بە خێرایی 5 میل لە كاتژمێرێكدا. لەش زیاتر كاربۆهیدرات بۆ سووتاندنی وزە بەكاردێنێت، بەڵام پاش 20 خولەك لە مەشقی وەرزشی یەدەكی كاربۆهیدرات كۆتایی دێت، بۆیە بە بەردەوامبوونی مەشقی وەرزشی لەش ناچار دەبێت كە چەوری بۆ وزە بەكاربێنێت یان بسووتێنێت. بۆ ونكردنی نیو كیلۆگرام چەوری، لەش پێویستی بە سووتاندنی 3500 كالۆری وزە هەیە، واتە ئەگەر رۆژانە 500 كالۆری وزە بووستێنێت بە راكردن بە خێرایی 5 میل لە كاتژمێرێكدا، ئەوا پاش یەك هەفتە لەش ئەم بڕە چەورییە ون دەكات. زیادكردنی توندیی Intensity مەشقی بەدەنی دەبێتە هۆی زیاتر سووتاندنی وزە، بۆ نموونە راكردن بۆ ماوەی 20 خولەك بە خێرایی 8 میل لە كاتژمێرێكدا 306 كالۆری وزە دەسووتێنێت. سوودێكی تری مەشقی توند ئەوەیە كە پاش تەواوبوونی مەشقەكە، لەش بەردەوام دەبێت لە سووتاندنی وزە بۆ ماوەی 48 كاتژمێر.